KHABAT media - حەوتەمین ساڵیادی دامەزرانی رێكخراوی لاوانی خەباتی كوردستانی ئێران پیرۆز بێ


حەوتەمین ساڵیادی دامەزرانی رێكخراوی لاوانی خەباتی كوردستانی ئێران پیرۆز بێ
تاریخ : Tuesday, May 01 @ 06:50:50 UTC
بابه‌ت : به‌ڵگه‌نامه‌کان


خەباتمێدیا: بەبۆنەی حەوتەمین ساڵرۆژی دامەزرانی رێكخراوی لاوانی خەباتی كوردستانی ئێران دەستەی بەرێوەبەریی ئەو رێكخراوە لە راگەیەندراوێكدا وێڕای باس كردن لە چۆنیەتی و هۆكانی هاتنەمەیدانی رێكخراوەكەیان تیشك دەخاتەسەر رۆڵ و نەقشی لاوان لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان و سازمانی خەبات. 


دەقی راگەیەندراوی رێكخراوی لاوانی خەباتی كوردستانی ئێران بەبۆنەی حەوتەمین ساڵرۆژی دامەزرانی ئەو رێكخراوە:
لاوانی خوێن گەرم و نیشتمانپەروەر!
ئەندامان و دۆستانی رێكخراوی لاوانی خەباتی كوردستانی ئێران!
بەبۆنەی حەوتەمین ساڵرۆژی دامەزراندنی رێكخراوی لاوانی خەباتەوە گەرمترین پیرۆزبایتان پێشكەش دەكەین و هیوادارین ساڵی داهاتوو بە ئازادی و لە نیشتمانی شیریندا ئەم یادە بەرز راگرین. 
توێژی لاوان لە كۆمەڵگەی كوردستانی داگیركراو بە درێژایی 40 ساڵ بەردەوام لە خەبات و بەرخۆداندا بووەو بە هەموو شێوەیەك دژ بە سیاسەت و بەرنامەی دژمنكارانەی رژیم وەستاوەتەوە، هاوكات ئەم توێژە گرینگ و كاریگەرە بەشێكی زۆر لە قورسایی ئەركی شۆرش و خۆراگری كوردستان بۆ رزگاری و ئازادی یەكجاری لە ئەستۆ بووەو ئەوانەش وایان كردووە هەمیشە نوكی پەیكانی دژمنان ڕوو لە لاوان بێ و هەوڵی بە لارێدا بردن و فەوتانی لەلایەن رژیمی دیكتاتۆر و گەندەڵی ئاخوندان لە ئێران بدرێ.
 بە هەستكردن بە مەترسی پیلان و پێشێلكارییەكانی ئەو رژیمە دەرهەق بە لاوانی كورد و فشاری زۆر و بەردەوامی دامودەزگا سەركوتگەرەكانی،  لە 11ی بانەمەری 1390 بە پلانی ژیرانەو پشتیوانی سەركردایەتی سازمان و هەوڵ و تێكۆشانی لاوانی چالاكی ریزەكانی سازمانی خەبات و ناوخۆ و دەرەوەی كوردستان بەبیركردنەوە لە رەوشی نالەباری لاوانی نێوخۆی نیشتمان و بەپەرۆشی بۆ پاڵپشتی و گرنگی رۆڵی ئەوان لە خەبات و بەربەرەكانێ‌ دژ بە دەسەڵاتی دیكتاتۆری ئێران ریكخراوی لاوانی خەباتی كوردستانی ئێران دامەزراو پێی نایە مەیدانی تێكۆشان.
جێگەی باسە كە لاوانی خوێنگەرم و شۆڕشگێری كوردستان بەردەوام دژ بە زوڵم و زۆر وەستاونەتەوە و خەباتی خۆیان لە ریزی هێزە تێكۆشەر و شۆرشگێرەكان درێژەپێداوە یاخود رۆژانە و بەچەندین شێوەی جیاواز لە ناوخۆی وڵات چالاكی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن و بە بەردەوامی هەوڵی بردنە پێشی ئاستی هۆشیاری كۆمەڵگا دەدەن و بە كورتی لاوان هێز و داینەمۆی پێشخستنی كۆمەڵگەن.
 رێكخراوی لاوان لە ماوەی حەوت ساڵ تەمەنی خۆیدا هەنگاوی بەرچاو و باشی بۆ بەرەوپێشبردنی خەباتی لاوان لە كوردستانی ئێران هەڵگرتووە و بە بەشداری چالاكانە لە چەندین كۆنفرانس و بەستنی چەندین كۆر و سیمیناری جیاواز و كاریگەر هەوڵی خستنە بەرچاوی كێشەی لاوان و بەرنامەی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاوی بۆ كێشەكانیان داوە.
بوونی رێكخراوی لاوان كاریگەری ئەرێنی و باشی لەسەر لاوانی ریزەكانی سازمانی خەبات هەبووە و ئەوەش هیوای زیاترمان دەداتێ‌ كە ئەندامانی چالاكی ریزەكانی رێكخراوی لاوان بە جیدیەتەوە درێژە بە كار و چالاكی خۆیان و هەوڵی دەستەبەركردنی دەستكەوتی زیاتر دەدەن.
دیسان بەبۆنەی 11ی بانەمەڕ حەوتەمین ساڵرۆژی دامەزرانی رێكخراوی لاوانی خەباتی كوردستان پیرۆزبایی خۆمان پێشكەش بە تێكرای لاوانی تێكۆشەری ریزی رێكخراوەكەمان و سەرجەم لاوانی ئازادیخوازی گەلەكەمان دەكەینەوە.
رێكخراوی لاوانی خەباتی كوردستانی ئێران
دەستەی بەرێوەبەری
11ی بانەمەری 1397






سه‌رچاوه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ : KHABAT media


لینکی ئه‌م بابه‌ته‌ :
/modules.php?name=News&file=article&sid=9973