KHABAT media - بەرێوەچوونی پلینۆمی دووهەمی كومیتەی ناوەندی سازمانی خەبات ی كوردستان


بەرێوەچوونی پلینۆمی دووهەمی كومیتەی ناوەندی سازمانی خەبات ی كوردستان
تاریخ : Monday, April 30 @ 17:10:13 UTC
بابه‌ت : به‌ڵگه‌نامه‌کان


خەباتمێدیا: پلینۆمی دووهەمی كۆمیتەی ناوەندی سازمانی خەبات لە بنكەی سەركردایەتی سازمان بەرێوەچوو.
رۆژانی شەممە و یەكشەممە  رێكەوتی 8 و 9ی بانەمەڕی 1397، دووهەمین پلینۆمی كومیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی كۆنگرەی شەشەم بە ئامادەبوونی بەرێز سكرتێر گشتی  لە بنكەی ناوەندی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران بەرێوەچوو. 
پلینۆم بە دەقیقەیەك وێستان و فاتیحایەك بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كوردستان و لەسەروویانەوە مامۆستا سەیید جەلال حسێنی دامەزرێنەری سازمانی خەبات و رێبەری هەمیشە زیندووی گەلەكەمان دەستی پێكرد. 



یەكەمین برگەی كار، پێش كەش كردنی راپۆرتی سیاسی و تەشكیلاتی سكرتێری گشتی بوو كە لە لایەن كاك بابەشێخ حسێنیەوە پێش كەش كرا. راپۆرتی سیاسی و تەشكیلاتی سكرتێری گشتی، روداوە گرینگە سیاسیە جیهانیەكان و هەروەها روداو باسەكانی پیوەندیدار بە خەباتی رزگاریخوازانەی گەلەكەمان لەبەرانبەر دیكتاتۆریەتی ئاخوندی لە ئاستی جیهانی و ناوچەو كورد بە گشتی و كوردستانی ئێران بە تایبەتی و هەروەها دۆخی جوڵانەوەی گەلی كورد لە كوردستان و ئێران و رەوشی ئێران و رژیمی ئاخوندی  لە خۆ گرتبوو و هەڵسەنگاندن و شرۆڤەیێكی ورد و تێروتەسلی بۆ كرابوو. 
لەناو باسی رەوشی جیهان دا ئاماژە بە  پێوەندییەكانی ئەمریكا و روسیا وەك دوو قوتبی خاوەن هێزی یەكەمی نیزامی و  سیاسی  و بەرزبوونەوەی ململانێی ئەو دوو وەڵاتە زلهێزە، سكرتێری گشتی گووتی:  ئەو كێ ‌بەركیێیانە لە نێوان ئەو دوو  هێزو بەرەیەدا وای كردوە كە بەشێك لە شارەزایانی  سیاسی و سەربازی مەترسی سەرهەڵدانی جەنگێكی  بەرین و تەنانەت شەری جیهانی سێهەمی لێ‌ بكەن. چەقی ئەو ململانیەش لە وەڵاتی سوریا رەنگی داوەتەوە كە بە لێدانی  پێگە سەربازیەكانی رژیمی بەشار ئەسەد لە لایەن ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لە دوای هێرشی شیمیایی بۆ سەر دوومای سوریا وەك سەرەتایەك لە كێ‌ بەركێی‌ سیاسی و جیهانی  نێوان زلهێزەكان لێكدایەوە. لە لایەیێكی تر هەوڵەكان بۆ نەهێشتنی مەترسیەكانی رژیمی ئێران و سات و سەودای وەلاتی روسیا لە گەڵ ئەو رژیمە و حكومەتی بەشار ئەسەدو  لە بەرانبەردا  سووربوونی  ئیدارەی ترامپ لەسەر پێشگرتن بە دەستێوەردان و سەرەرۆییەكانی رژیمی ئێرانی بە بابەتێكی تری جێگەی تێرامان ناوبرد. جیدیەتی ئەمریكا بە جۆرێك بوو كە بەشێك لە شارەزایانی سیاسەتی نێودەوڵەتی  چاوەروانی نەبوون، و لە بابەتی هێرشی موشەكی بۆ سەر سوریە رووداوەكان بەرەو دەسپێكی خولێكی نوێ لە گرژبوونەوەی پێوەندییەكانی دوو بەرەی ئەمریكا و روسیە دەبات. 
سكرتێری گشتی لە راپۆرتی سیاسی خۆیدا ئاماژەی بە مەترسی و ئەگەرەكانی پێش بەركێی ناوكەیی لە ئاستی ناوچەكە كرد و هەواڵی دروست كردنی وێزگەی ناوكەیی بۆ توركیە لە لایەن وەڵاتی روسیەوە و هەروەها حەز و مەیلی عەرەبستان بو پەیوەست بوون بە ریزی ووڵاتانی خاوەن پیشەسازی ئەتۆمی و بابەتی بەرجام و كێشەی چەندین ساڵەی  ئەتۆمی رژیمی ئێران بە مەترسیەكی جیددی بۆ سەر  هێمنایەتی جیهانی  و ناوچەكە، كە سەرهەڵدانی ئەو وەزعەی بە پێداگری رژیمی ئێران بۆ دروست كردن و خاوەنداری بۆمبی ئەتۆمی زانی.  
لە راپۆرتی سكرتێری گشتیدا سیاسەتی حكومەتی ئێستای ئەمریكاو سنوور دانان بۆ روسیە لە كێشە ناوچەییەكان بە سیاسەت و بەرنامەیەكی كاركردنی حكومەتی ئێستای ئەو وەلاتە لە چاو حكومەتی باراك  ئۆباما بە ئاڵوگۆڕێكی گرینگ لە سیاسەتی خارجی ئەمریكا زاندراوە. لەگەڵ ئەو راستیەی كە روسیە لە چەندین لایەنەوە گەشەی سەندوەو  توانیویە ئەو دەورەی كە لە سیاسەتی ناوچەیی و جیهانی لە رابردودا بوویەتی وەدەستی بێنێتەوە، بەڵام لە دوای هێرشی روسیە بۆ سەر ناوچەی كریمە لە ووڵاتی ئۆكراین و داگیركردنی و هەرەها هەروەها شەری ناراستەوخۆ لە ووڵاتانی سەردەمی كۆمارەكانی شۆڕەوی و هەروەها ڕەوانە كردنی هێزی سەربازی بۆ سوریەو پشتیوانی لە حكومەتی بەشار ئەسەد و چەندین هۆی دیكە بوونە هۆی ئەوە كە ئەمریكاو ووڵاتانی رۆژئاوایی لە هەوڵی جیددی دا بن بۆ كورت كردنەوەی دەستی روسیە. بەتایبەت كاتێك هەستیان بەوە كردوە كە روسیە زیادەخوازیەكانی پەرە پێداوە. سیاسەت و كاركردی  ویلادیمیر پۆتین گەیشتووەتە ڕادەیەك كە روسیە لە گەڵ چەندین قەیرانی سیاسی و ئابووری بەرەورووكردوەو تەنانەت چەندین شارەزای سیاسی پێ‌ یان وایە دەبێ‌ ویلادمیر پۆتین جاسووسی سی ئای ئەی ئەمریكا بێت دەنا چۆن هەنگاوی هەڵەی لەو جۆرەی هەڵدەگرت و رۆسیەی گیرۆدەی جەنگ لە سوریەو هێرش بۆ سەر ناوچەی كریمەی ئوكراین دەكرد. هەروەها بەرەو كۆتایی چوونی كێشەی ووڵاتی كورەی باكور و پرۆسەی پێكهاتنی خێرا و چاوەروان نەكراوی لەگەڵ كورەی باشوور، و بڕیاری كورەی شومالی بۆ بە جێ‌ گەیاندنی داواكانی ئەمریكاو ووڵاتانی رۆژئاوایی لە پێوەند بە گەڵاڵە ناوكەییەكانی بە بەشێكی تر لە پازڵی تەریك خستنەوەی روسیە و رژیمی ئێران پرسێك بوو كە بە تەسەلی لە راپۆرتی سكرتێر ئاماژەی پێكرا. 
لەدوای باسی جیهانی تیشك خرایە سەر رەوشی ناوچەكە و هەلومەرجی خۆهەڵاتی ناوەڕاست بە ئاڵۆزترین  دۆخ زاندرا و لەناویشیدا جەنگی درێژ خایەنی سوریە و دەورە  خراپەكانی رژیمی ئێران، و دەستێوەردانی روسیەو  جێگیر كردنی هێزی سەربازی ئەمریكاو  هێرشی توركیە بۆ سەر شاری عەفرین، ئەو شەرەی  بە شەری نیابەتی زلهێز و وەلاتانی ناوچەكە لێك دایەوەو بە  مەیدانی چەك و تەقەمەنی تاقی كردنەوەی ووڵاتانی خاوەن هێز وەك ئەمریكا و روسیەو لە پاشكۆیان رژیمی ئێران و توركیە زاندرا.
هەر لەو پێوەندییدا ئاماژە بە شەری یەمەن و هاوپەیمانی عەرەبی بە سەرۆكایەتی عەرەبستان و پێوەندیی نێوان عەرەبستان و ئیسرائیل و مەترسیە هاوبەشەكەیان كە رژیمی ئێرانە و بابەتی توركیا و خولیای زیندووكردنەوەی سەردەمی عوسمانلی  لەو تەوەر و باسانە بوون كە باس و شیكارییان بۆ كرابوو. 
لەدوای ئەو باسە كاك بابەشێخ حسێنی سكرتێری گشتی سازمانی خەبات ی كوردستان لە راپۆرتی خۆیدا تیشكی خستە سەر  بارودۆخی كورد بە گشتی و لەسەر هەر كام لە بەشەكانی كوردستان  و بەتایبەت دۆخی كورد لە كوردستان لە دوای شەری داعش و بابەتی ریفراندۆم و 16ی ئوكتوبر و هەلبژاردنەكانی پارلەمانی عێراق هەلسەنگاندنی بۆ كرا و هەروەها لەسەر كوردستانی توركیەو رەوشی كورد لەدوای كودەتای ئەو وەڵاتە و هەلو مەرجی سەركووتگەرانە لە لایەن دەولەتی تورك و گرتنی ئەندامانی بالای ه د پ و راوەدوونانی جیابیران و هەروەرها رەوشی پارتی كریكارانی كوردستان هەلسەنگاندنی بۆ كرا و هەر لەدرێژەی ئەو باسە تیشك خرایە سەر رەوشی كوردستانی سوریە و بەتایبەتی هەلسەنگاندن بو دۆخی كورد لە دوای رەوداوی هیرش بردن بو سەر عەفرین باسی لێوە كرا. لەو باسە دا بە گشتی دەور و كاریگەری رژیمی ئێران بە پێی رێژەیی بە زیانبار و مەنفی ناوهێندرا و بە عامیلی بەشیك لە دۆخی كارەساتبار لە كوردستان زاندرا و هەروەها نەبوونی یەكریزی و یەكگووتاری لە هەر كام لە بەشەكانی كوردستان بە خەسارەت و كۆسپێكی گەورە هەژمار كرا. هەر لەم باسە دا ئاماژە بە سیاسەتی سازمانی خەبات لە هەمبەر هاوكاریە عەمەلیەكان بۆ گەلی كورد لەكوردستانی عێراق لە رابردوو تا ئێستا لە رێگەی بەشداری لە شەری داعش و باقی هێرشبەران بۆ سەر سنووری كوردستان بە سیاسەتێكی دروست و ئوسولی و نیشتمانی زاندرا. 
لە پێوەند بە دۆخی ئێران شیكردنەوەیێكی تێر و تەسل لەسەر هەموو رەهەندە سیاسی و ئابووری و كۆمەلایەتی و  كلتوورییەكان كرا و لەكۆی خوێندنەوە بۆ هەموو قەیرانە یەك لەدوای یەك و چارەسەر نەكراوەكان و جووڵەی شەقام و دوورەدیمەنی ئاڵوگۆر لە وەڵاتی ئێران بە روون و دیار لێك درایەوە و باسی راپەرینەكانی ئەمجارەی زیاتر لە 100 شاری ئێران بە دروشمی ساختار شكێنانەی كردنە ئامانجی تەواویەتی رژیم بە نوقتە وەرچەرخانێكی یەكجار گرینگ و پر بایەخ زاندرا و ئەو رەوشە بە وەدیهێنەری قوناغێكی نوێ لە میژووی خەباتی گەلانی ئێران هەژمار كرا. هاوكات دەوری ژنان و جوڵانەوە مەدەنیەكانی پێوەندیدار بە خەباتی ژنان بە جێگەی دەستخوشی و ستایش لێكدرایەوە. هاوكات سیاسەتی رژیم لەراست بەرنامەی ئەتۆمی و ئالۆزبوونی دۆخی بەرجام و كێشەی باڵەكانی رژیم و سەرهەڵدانەوەی دیاردەیێك بە ناوی ئەحمەدی نەژاد  و هێرشەكانی بۆ سەرانی رژیم و سیاسەتی پشتیوانی لە ترۆر و پێشیلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە لایەن رژیمەوە شیكرایەوە و هەر لەو پێوەندییەدا زەرورەتی یەكگووتاری و هاوپەیوەندیی ئۆپۆزسیونی ئێرانی بە گشتی وەبیر هێندرایەوە و لەو بەشە دا سازمانی خەبات پێداگری لەسەر دۆستایەتی لەگەڵ سازمانی موجاهیدینی خەلقی ئێران  كردەوە و پەرەپێدانی ئەمجۆرە هاوكارییانە بە هەنگاوێكی پێویست و شوێندانەر زاندرا، لە ڕاپۆرتی بەڕێز سكرتێری گشتیدا ئاماژە بە ئاڵوگۆڕی نزیك لە هەلومەرجی سیاسی لە ئێران كرابوو كە خۆی لە رووخان و لە ناوچوونی حاكمیەتی ئیستبدادی ئێران دەبینێتەوە.  
لە درێژەی ئەم باسە بە تایبەتی تیشك خرایە سەر رەوشی كوردستانی ئێران و وێرای شیكاریەكی ورد و پێدانی ئامار لەسەر باروۆدخی كارەساتباری سیاسی و ئابووری و كۆمەلایەتی لە سەر چەندین روداوی گرینگ هەڵوەستە كرا و پێكهینانی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران كە سازمانی خەبات یەكێك لە پێكهینەرانیەتی بە گرینگ زاندرا و وەك دەسپێكی قوناغێكی نوێی جوڵانەوەی رزگاریخوازانە خوێندرایەوە و هەرروەها بانگەوازی ناوەند بۆ نەورۆز و پشتیوانی و بەدەمەوەهاتنی بەرچاوی كۆمەلانی خەڵك بە داوای حیزبەكان بە گرینگ و پڕ بایەخ زاندرا و لە ئیستاش دا دۆخی شارە سنوورییەكان و ستەمی دەسەلات لەراست كاسبكارانی سەرسنوور و نارەزایەتی بەرچاو و بەرینی شارەكانی كوردستان و بەتایبەتی شاری بانە  و چەند شاری دیكەی كوردستان كە پێی ناوەتە 16 هەمین رۆژی خۆی بە پڕ بایەخ هەژمار كرا. پاش هێندێك باس و شیكردنەوەی زیاتری دۆخی كوردستان و جوڵانەوەی رزگاریخوازانەی بە گشتی پێداگریی لەسەر سیاسەتی رووخان و رەدكردنەوەی هەر جۆرە دانووستان و دڵخوش كردن بە هەر جۆرە ریفۆرم و چاكسازیێك لەناو سیستەمی ئێران  كرایەوە و بردنە پێشەوەی سیاسەتی رووخان كە خۆشبەختانە سیاسەتی فەرمی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانیشە بە دروست ترین و ئوسولی ترین سیاسەت لێكدرایەوە. 
تەوەری كۆتایی باسی راپۆرتەكەی سكرتیر بەشی تەشكیلات بوو كە لە راپۆرتێكی شیكارییانە هەم بەشەكانی ناوخۆ و بەشی ئاشكرا و دەرەوە باسی لێوە كرابوو و لایەنە بە هێز و لاوازیەكانی كاری سازمان هەڵسەنگاندن و دەست نیشان كرابوو. 
لەدوای كۆتایی راپۆرتی كاك بابەشێخ حسێنی،  لە لایەن ئەندامانی پلینۆم قسە و باسێكی تێر و تەسەل لەسەر راپۆرتەكە كرا و پاش  ئەوەی ئەندامانی سەركردایەتی سازمان ڕاوبۆچوونی خۆیان لە سەر  راپۆرتە سیاسی و تەشكیلاتیەكەی سكرتێری گشتی پێشكەش كرد، پەسەند كرا و لە ژێر رۆشنایی ئەو راپۆرتە پلینۆم دریژەی بە كاری خۆیدا. 
لەدرێژەی كاری پلینۆم بریارەكانی پلینۆمی یەكەم هاتە بەرباس و هەلسەنگاندن و قسە لە سەر چۆنیەتی و رێّگەی جێبەجی بوونی بریارەكان كرا. دواتر هەر كام لە بەرپرسی  كۆمیسیونەكانی تەشكیلات راپۆرتی ئورگانی خۆیان دایەوە بە پلینۆم و لەسەر هەر كام لە ئورگانەكان قسە و رێنوینی و پێشنیار و راسپاردە و ئالوگۆری پێویست كرا. لە ئەنجامی دوو رۆژ كاری بەردەوامی پلنیۆمی دوهەم كۆمەلیك ئالوگۆر بە لایەنی ئەرێنی و چاكسازیی لە ئورگان و بەشەكانی سازمانی خەبات چەسپا و بەڵێن دراو پەیمان نوێكرایەوە كە بە گیانێكی لێبڕاوانەترو شۆڕشگێرانە بەرەو پیری جێبەجێكردنی راسپاردە و بریارەكانی پلینۆمی دووهەم هەنگاو هەڵگیردرێ‌.
سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران 
كۆمیتەی ناوەندی
10ی بانەمەڕی 1397






سه‌رچاوه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ : KHABAT media


لینکی ئه‌م بابه‌ته‌ :
/modules.php?name=News&file=article&sid=9969