KHABAT media - بەرز و پیرۆز بێ یادی 36 مین ساڵرۆژی دەرچوونی یەکەم ژمارەی تێکۆشان، ئۆرگانی کومیتەی ناوەندی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران


بەرز و پیرۆز بێ یادی 36 مین ساڵرۆژی دەرچوونی یەکەم ژمارەی تێکۆشان، ئۆرگانی کومیتەی ناوەندی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
تاریخ : Friday, April 13 @ 15:05:47 UTC
بابه‌ت : به‌ڵگه‌نامه‌کان


 لە ئەركە سەرەکیەكانی خەباتگێڕان كاركردنە لە پێناو زیاتر ووشیار بوون و بەرةوسەر بردنی زانیاریی لە پێناو زووتر بە ئامانج گەیشتن و کەم کردنەوەی هەڵەكان و باشتر بەرێوەبردنی ئەرکەكان و دیاری کردنی ستراتیژی وخەت و رێباز و رێکاری سیاسی شیاو دروست  تێگەیشتن و تێگەیاندنی هاوباوەڕ و هاوسەنگەر و جەماوەری ماف پیشێلکراو و ئازادیخواز.
 بۆ رێکخستن وکارا کردنی  هەر هێزو لایەنێكی سیاسی و بەر هەڵست کردن و لەقاودانی سیاسەت و کردەوەکانی دژمن و گەیاندنی دەنگی نارەزایەتی کۆمەڵانی وەزاڵەهاتووی خەڵک بە دنیای دەرەوە و راکێشانی سەرنجی ئازادیخوازانی دنیا و پەیدا کردنی دۆست،


 هەر ناوەند و ئۆرگانێك پێویستێکی بەر چاو و حاشاهەڵنەگری بە بڵاو كردنەوەی زانیاری و هەواڵ و بەرنامەی سیاسی و هەڵوێستەکانی لە هەمبەر هەر کارەسات و رووداو و بابەتێکی رۆژ هەیە  تا رای گشتی لە سیاسەت و بەرنامە و ستراتیژی ئەو لایەنە، ئاگادار بێ‌، کە ئەویش ناوەند یان ئۆرگانی  پرۆپاگەندە (راگەیاندن )و بڵاو کردنەوەیە هەیە.   
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران هەرلە سەرەتای دامەزران و هاتنە مەیدانیەوە  بە پێی ئیمکاناتی سەرەتایی و جێگا و شێوەی کار و چالاکی لە هەر کام لە قۆناغەکانی ئەرکی خەبات و تێکۆشانی بێ وچانی خۆیدا، خاوەنی ناوەند و ئۆرگانی راگەیاندن بووە و دامەزرینەران و بەرێوەبەرانی ئەم سازمانە بێ وچان لە هەوڵی هەرچی کاراتر و پێشخستنی ئەو ئورگانە گرینگەدابوون و لە دژوارترین رۆژەکانی خەباتی سەخت و بە كەمی ئیمكانی ماددی ناوەند و ئۆرگانی راگەیاندنیان چالاک وکارا راگرتوە. 
جێگە خۆشیە كە سازمانی خەبات توانیویە بۆ دەربڕینی سیاسەت و هەڵۆێستەكانی بۆ هەر بابەت و رووداوێک  لە کاتی پیویست دا خاوەنی هەڵوێست وقسەی سیاسی خۆی بوەو ئەم هەڵوێست و قسانەش لە رێگای بەشی راگەیاندنی سازمانەوە گەیشتوونە بەر دەست ودیدەی جەماوەر و خوازیار و خوێنەرانیان.
  لەسەرةتای دامەزراندنی سازمانی خەباتەوە تا کۆتاییەکانی مانگی خاکەلیوەی ساڵی ١٣٦٣ ی ک.خ، راگەێندراو و وتاری سیاسی و کۆمەلایەتی و باس وخواس و بابەتی چالاکی و قارەمانەتی و حەماسەی رۆڵەکانی کوردەواری لە ریزی پێشمەرگەکانی سازمانی خەبات دا لە شێوەی هەواڵنامە و راگەێندراوی چەند لاپەرەیی دا چاپ و بڵاو دەکرانەوە. دەرچوونی یەکەم ژمارەی تێکۆشان بەو شێوە و قەبارە و ناوەرۆکەوە  تارادەێک لەو سەردەمەدا کەم وێنە و پڕ نێوەرۆک بوو. بابەتەکانی باسی سیاسی رۆژ و هەواڵی چاڵاکی و حەماسەی رۆڵەکانی سازمان و رێنوێنی بۆ ئەندام و لایەنگران و دڵسۆزانی خەباتی رەوای گەلەکەمان بوو. تێکۆشان مەکۆ و سەکۆی نیشاندانی راستیەکان و لە قاودانی کردار و جینایەتەکانی رژیمی کۆنەپەرست و خوێنرێژی ئاخوندی بوو.                                                    تێکۆشان شانازینامەی خەباتیەکان و تەتەڵەی فێرگە و قوتابخانەی کوردەواری و سەرلەوحەی راگەیاندنی دوور لە درۆ و بە هەست كردن بە ئازارو مەینەتیەكانی خەڵك و لە پێناو تێگەیاندن وپێگەیاندنی کادر و پێشمەرگەکانی سازمانی خەبات و باقی رۆڵە خاوەن هەڵوێست و دەربەست بە ماف و ئازادیەکانی نەتەوە و نیشتمان بوو کە ریسالەت و راسپاردەی خۆی بە پێی توانا و بۆ لوان گەیاندوە و ئەنجامداوە .بە دوای دەرچوونی یەکەم ژمارەی، لە ماوەێکی زۆر کەم دا بووە میوانی ماڵی کوردستانیان و خۆی خزاندە ناو کتێبخانەی روناکبیر و رۆلەی ژیر و خویندکاری دەربەست بە ماف و ئازادیەکانی نەتەوەو لە ناو كتێبخانەی هەر مرۆڤێکی کوردی خوازیاری کتێب و خوێندنەوە  بینیەوە و وەک پەرتوکێکی پیرۆز و بەرێز دەستا و دەستی پێکرا و دڵسۆزانی خاوەن قەڵەم بە بابەتی سیاسی، کۆمەلایەتی،زانستی جۆراو جۆر دەوڵەمەندیان کرد و بە رەخنە و پێشنیارەکانیان، ژمارە لە دوای ژمارە باشتر و پڕ نێوەرۆکتریان کرد. سەرەرای هەموو ئەو کەند و کۆسپ و گرفتە دەرەکی و ناوخۆییانە کە بۆ سازمانی خەبات لە مەودای ئەو ٣ دەیەی تەمەنی تێکۆسان دا هاتوونە پێش، تێکۆشان تارادەێک بە شێوەی بەردەوام چاپ و بلاو بۆتەوە و گەیشتۆتە دەست خوازیاران و رووناکبیران و چین و توێژەکانی کوردەواری و ئێستا دوای تێپەڕبوونی 36 ساڵ بە داخەوە تێكۆشان لە بەر چەند هەلومەرجێكی تایبەت چاپ و بڵاو ناكرێتەوە كە هومێدوارین لە ماوەی داهاتوودا جارێكی دیكە تێكۆشان چاپ و بڵاو بكرێتەوەو بگاتە دەست خۆێنةران و هاونیشتمانیان.   سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران لە بیرەوەری 36ساڵەی دەرچوونی یەکەم ژمارەی تێکۆشان دا، پڕ بە دڵ پیرۆزبایی لە خەڵکی تێکۆشەری کوردستان وگشت خوێنەر و خوازیارانی بە گشتی وئەندام و کادر و پێشمەرگە و لایەنگرانی سازمان دەکا و لە هەمان کاتیش دا ماندوو نەبوونی بە کادر و کارگێرانی ئینتشارات و بەرێوەبەرانی تێکۆشان دەلێ  و هیوای سەرفرازی و سەرکەوتن بۆ هەموی ئەوانە دەخوازین کە لەم بوارەدا دەورو کاریگەریان هەبوە.

پیرۆز بێ یاد و بیرەوەری 36ساڵەی دەرچوونی یەکەم ژمارەی تێکٶشان .

کومیتەی ناوەندی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
خاکەلێوەی 1397کۆچی خۆری






سه‌رچاوه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ : KHABAT media


لینکی ئه‌م بابه‌ته‌ :
/modules.php?name=News&file=article&sid=9890