KHABAT media - سپاس نامەی ناوەندی هاوكاریی حیزبە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران


سپاس نامەی ناوەندی هاوكاریی حیزبە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران
تاریخ : Friday, March 23 @ 16:57:01 UTC
بابه‌ت : به‌ڵگه‌نامه‌کان




هاونیشتمانە بەڕێزەكان، 
خەڵكی خەباتگێڕی رۆژهەڵاتی كوردستان!

لە لایەن ناوەندی هاوكاریی حیزبە سیاسییەكانی كوردستانی ئێرانەوە، بە دڵ سپاسی هەموو لایەك دەكەین كە لە ئاستێكی بەرزی نەتەوایەتیدا بە دەم بانگەوازی ئێمەوە هاتن و ئەمساڵیش بەشکۆوە، مەڕاسیمی چوارشەممەسووری و جەژنی پیرۆزی نەورۆزتان، بەڕێوە برد. سەرەڕای ئەوەی ڕێژیم هەوڵی دا ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز بە دەوڵەتی بکرێ، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.




ئێمە وەكوو هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران، وێڕای جەژنە پیرۆزە بەبۆنەی دەستپێكردنی ساڵی نوێی كوردی، ئەوە وەبیر دێنینەوە كە یەكدەنگی و یەكڕیزی لایەنە سیاسییەكان و پاڵپشتیكردنی خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە گشتی دەتوانێ وەك باسكێكی بەهێزی نەتەوەیی بە گژ ڕێژێمی داگیركەری ماف و ئازادییەكانماندا بچێتەوە و هاوكات لە هەموو ئەگەرێكی سەخت و دژواردا وەكوو ئیرادەی تاك و كۆمەڵگەی كوردی، هەموو كات بۆ پرسی نەتەوە و پاراستنی بەرگری لە چارەنووسی نەتەوەی كورد، لە مەیدان ئامادە بێ.

هەر وەك دەزانین سەرەڕای نەهامەتییەكانی نەتەوەكەمان لە باشوور و ڕۆژئاوای نیشتمانمان و كارەساتی دڵتەزێنی بوومەلەرزەی كرماشان و كوشتار و ئێعدامی ڕۆژانەی لاوان و كاسبكارانی كورد، لە لایەن رژێمی دژە مرۆڤایەتی كۆماری ئیسلامی، بەرەو پیری نەورۆز و ساڵی نوێی كوردی چووین و جەژنی نەوڕۆزیش لە ئاستێكی سەراسەری و نەتەوەیی لە هەموو شار و شارۆچكە و گوندەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، بە جلوبەرگی کوردی و جامانە و هەوری و گوڵی سوور، کە داوای ئێمە بوو بەڕێوە چوو. نەورۆز ویرای ڕەهەندی كولتووری و بۆنەیەكی شادی، هێما و سیمبولی خۆراگری و ڕۆژی بەگژداچوونەوەی زاڵم و ستەمكارە و خەڵكی وشیاری كوردستانی ئێران زۆر بە جوانی ئەو پەیامەیان بە گویی دەسەڵاتی ملهوری ئێراندا هەلێنایەوە.

حكوومەتی ئێران وەك سیاسەتی هەمیشەیی ویستی بە ئامرازی سەركووت و ترساندن و تۆقاندن، بەرەوڕووی خەڵك ببێتەوە، بەڵام خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە چەندین شوێن، بۆ نموونە شارەدێی نێ لە مەریوان بەرەوڕوویان بوونەوە و بە هەستێكی شۆڕشگێڕانە و نەتەوەیی جەژنی نەورۆزیان كردەوە.

ئێمە، جارێكیتر پیرۆزبایی لە هەموو كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەكەین و پەیمان لە گەڵ یەك دەبەستین كە لە هەموو دەرفەتێك بۆ یەكدەنگی بۆ بەدەستهێنانی ئازادی، بۆ خاك و خەڵكی كوردستان كەڵك وەرگرین.

ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران

۳/۱/۱۳۹۷






سه‌رچاوه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ : KHABAT media


لینکی ئه‌م بابه‌ته‌ :
/modules.php?name=News&file=article&sid=9792