KHABAT media - پەیامی سكرتێری گشتی سازمانی خەبات بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و ساڵی نوێی كوردیو ساڵی 1397


پەیامی سكرتێری گشتی سازمانی خەبات بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و ساڵی نوێی كوردیو ساڵی 1397
تاریخ : Monday, March 19 @ 18:15:48 UTC
بابه‌ت : به‌ڵگه‌نامه‌کان


هاونیشتمانیانی تێكۆشەر!
كەس وكاری سەربەرزی شەهیدان! 
تێكۆشەرانی رێگەی ئازادی!

گەرمترین پیرۆزباییتان پێشكەش دەكەم بۆ بۆنەی هاتنی نەورۆز و  ساڵی نوێی كوردی و ساڵی 1397 كۆچی خۆری.
هومێدەوارم ساڵی نوێ‌ ساڵی هاتنەدیی تێكڕای مافەكانی گەلی كوردو گەلانی ئێران بێ‌ و لە ساڵی تازەدا شاهیدی كۆتایی هاتنی دەسەڵاتی دیكتاتۆری ئاخوندەكان بین.



لە كاتێكدا بەرەو پیری نەورۆزو ساڵی نوێ‌ دەچین بەداخەوە لە خۆرهەڵاتی ناوەراست كێشەو ئاڵۆزی و جەنگ و ماڵوێرانی لە ئارادایە. 
دەسەڵاتە دیكتاتۆرەكان لە ناوچەكەدا بەوپەڕی بێ‌ رەحمی خەڵك دەچەوسێننەوەو سەرەتایی ترین بنەماكانی مافی مرۆف پێشێل دەكەن.
حكومەتە ستەمگەرەكان لە ئێران، توركیە، سوریەو عێراق  بە شێوەیەكی بەرنامە بۆ داڕێژراو گەلی كورد دەچەوسێننەوەو جینایەتی قێزەون لە بەرانبەر ژن و منداڵ پەیڕەو دەكەن و  شارو دێی‌ كوردستان وێران دەكەن.
بێگومان بەشی هەرە زۆری ئەو سیاسەت و بەرنامە دژمنانەیە  لە لایەن دەسەڵاتدارانی رژیمی ئاخوندی لە ئێران دادەڕێژرێ‌.
ئەو ستەم و جینایەتەی لە بەرانبەر خەڵكی عەفرین و ئەو جینایەتەی لە بەرانبەر خەڵكی كورد لە كەركوك و خورماتوو كرا گرێدراوی هەمان جینایەت و درندەییە كە نزیك بە چل ساڵە لە بەرانبەر خەڵكی كورد لە كوردستانی ئێران و خەڵكی تێكرای ئێران بەڕێوە دەچێ‌. 
لە هەموو ئەو جینایەتانەدا شوێن پێ‌ و جێ دەستی بەرپرسانی رژیم و پاسدارو 
بەكرێگیراوەكانی بە ئاشكرا دەبیندرێن.
جینایەتی حكومەتی توركیە لە بەرانبەر دانیشتونی عەفرین و جینایەت و تاوان بەرانبەر خەڵكی كەركوك، زنجیرەی هەمان تاوانە كە دەسەڵاتدارانی ئێران بەرانبەر خەڵكی كورد و خەڵكی ئێران ئەنجامی دەدەن، هیچ گومان لەوەدانیە كە رژیمی ئاخوندی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ دەستی لەو جینایەت بەرانبەر بە گەلی كوردو هەموو ئازادیخوازێك لە ناوچەكەدا هەیە.
 لەم نەورۆزە پیرۆزەدا بە توندی هێرشی هێزەكانی توركیە بۆسەر دانیشتوانی عفرین و هەروەها جینایەتی حكومەتی بەشار ئەسەد  و پاسدارەكانی رژیمی ئاخوندی بۆ سەر خەڵكی  ستەملێكراوی سوریە مەحكوم دەكەم و هەر لەم بۆنەدا داوا لە كۆمەڵگەی جیهانی و ووڵاتانی خاوەن هێز دەكەم بەرانبەر ئەو جینایەتانە بێ‌ دەنگ نەبن.
هاونیشتمانیانی دڵسۆز!
تێكۆشەرانی رێگەی ئازادی!
لە گەڵ ئەوەی دەزانم كە چەندە هەلومەرجی ژیان سەختەو ئێوەی تێكۆشەر  چەندە تامی تاڵی ستەمی دەسەڵاتداران و هێزە سەركوتگەرەكانیان دەبینن و دەچێژن، بەڵام سەرەرای ئەو هەلومەرجە نالەبارانەش دەزانم نەورۆزی (هەوریی و جامانەكان )و ساڵی نوێ‌ دەكەنە هەوێنی خەبات و تێكۆشان لە بەرانبەر حكومەتی ملهورو ستەمگەری  ئاخوندی و وەرزێكی نوێ‌ لە بەربەرەكانی لە بەرانبەر ستەم و بێدادی دەست پێ‌ دەكەنەوەو كوردستان دەكەنە مەكۆی راپەرین و بە گژداهاتنەوەی ستەم و بێدادی. بێگومان رۆژە سەخت و ناخۆشەكان و زیندانی درێژماوەو ئێعدامی رۆژانەی لاوانی تێكۆشەر گەلێك ئەستەم و هەژێنەرن تا ئەو دەسەڵاتە ملهورە حوكمی ئێران بكات و تا گەلی كورد بە مافەكانی نەگات كۆتایی بە رۆژە سەختەكان نایەو ئارامی و ئاسودەیی باڵ ناكێشێ‌ بە سەر ووڵاتدا.
جێگەی شانازیە كە جەماوەری قارەمانی كوردستان لە ساڵی رابردوو  لە بۆنە جیاجیاكاندا ڕقی پیرۆزیان بەرانبەر بە دەسەڵات و ناوەندە سەركوتگەریەكانی دەربڕی. یەكگرتوویی هاونیشتمانیانی دڵسۆز لە بەرانبەر دژمن و هەروەها لە كاتی روودانی بوومەلەرزەی ناوچەی كرماشان و هاوكاری بەرینی خەڵك بۆ لێقەوماوان، دڵسۆزی و هەستی نەتەوەیی و هاوونیشتمانی بوونی تێكرای دانیشتوانی كورستانی دەرخست و لە هەمانكاتدا بێ‌ دەربەستی و كەمتەرخەمی و جینایەتكاری و رقی كاربەدەستانی دەسەڵات بەرانبەر خەڵكی كوردستان دەرخست.
خەڵكی خۆراگری ئێران!
دلسۆزان و خەباتكارانی رێگەی ئازای!
لە ساڵی رابردودا رژیمی دەسەڵاتداری ئێران دەستێوەردانەكانی لە ووڵاتانی ناوچەكە زیاتر پەرە پێداوە كە ئەو دەستێوەردانانە بوونە هۆی نیگەرانی ووڵاتانی ناوچەكە، بە تایبەت عەربستانی سعودی و هاوپەیمانانی و هەروەها كاردانەوەی ئیسرائیل، بە شێوەیەك كە ئەو ووڵاتانە كار دەكەن بۆ روبەروبوونەوی رژیمی ئیران و ئەگەری سەرهەڵدانی جەنگ لە ناوچەكەدا نزیكە. لە لایەكی دیكەوە كۆمەڵگەی جیهانی و بە تایبەت ئەمریكاو ووڵاتانی رۆژئاویی لە دەستێوردانەكانی رژیمی ئێران و پەرەپێدانی چەكی كۆمەڵكوژو پێشێكردنی مافەكانی مرۆف لە ئێراندا نیگەرانن و بە تازەیی  ووڵاتانی فەرانسە، ئاڵمان، ئینگلستان  لە گەڵ ئەمریكا باسیان لە كۆتایی هێنانی بەرنامە چەكسازی و مووشەكیەكانی رژیم كردوەو، ئەگەری زۆرە خاڵ و تێ‌ بینیەكانی ئەمریكا لە سەر رێكەوتنی ئەتۆمی لە گەڵ رژیم پەسەند بكەن. ئەو فشارە جیهانی و ناوچەییانە بە رادەیەكن كە رژیمی ئێرانی زیاتر لە هەر كاتێكی دیكە تووش قەیران كردوە. بەرپرسانی رژیم بۆ داپۆشینی ئەو گشتە كێشە سیاسی و ئابووریەو ترس لە راپەرینی یەكجاریی خەڵك سەركوت و جینایەت بەرانبەر جەماوەری زیاتر پەرە پێداوەو سەدان كەس لە لاوە شۆڕشگێرەكانی زیندانی و  شكەنجە كرد و دەیان كەسی ئیعدام كردوە. جێگەی دڵخۆشیە خەڵكی ئێران و ئافرەتان و لاوانی شۆرشگێر نەك لە بەرانبەر ئەو جینایەتانەدا بێدەنگ نەبوون بەڵكوو لە بەرانبەر دەسەڵاتدا شێلگیرانەتر خۆراگریان كردو شارە جیاجیاكانی ئێران  بووە مەیدانی نارەزایەتی بەرینی خەڵكی وەزاڵەهاتوو.
بێگومان جێگەی خۆیەتی دەوری ئافرەتان و بە گژداهاتنەوەی دەسەڵات و بەرنگاریان لە بەرانبەر حیجابی زۆرەملێ‌ و تێكۆشانی كەم وێنەیان  لەو خەباتە نەپساوە لە بەرانبەر حكومەتی ئاخوندی بە هێمای روخانی رژیمی ملهوری ئاخوندی و گەیشتن بە ئازادی ببینین.
سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران لە جێژنی نەورۆز و ساڵی نوێدا بەڵێن بە جەماوەری خۆراگری كوردستان و كەس و كاری شەهیدان و تێكرای تێكۆشەرانی رێگەی ئازادی دەدا بۆ گەیشتن بە ئاواتەكانی گەلی كوردو روخانی رژیمی ملهوری ئاخوندی ئێران،  ئاوەدان كردنەوەو گەشەپێدانی نیشتمان و سارێژكردنەوەی برین و ئازارەكان لە كارو تێكۆشان بەردەوام دەبێ‌.
پیرۆز بێ‌ نەورۆزو ساڵی نوێ‌ 
نەمان بۆ ستەم و بێدادی 
مەرگ و نەمان بۆ رژیمی ئاخوندی

سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران
سكرتێری گشتی
بابەشێخ حوسەینی
27ی رەشەممەی 1396






سه‌رچاوه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ : KHABAT media


لینکی ئه‌م بابه‌ته‌ :
/modules.php?name=News&file=article&sid=9780