KHABAT media - پەیامی سازمانی خەبات بەبۆنەی حەوتە‌مین ساڵرۆژی كۆچی دوایی مامۆستا شێخ عیزەدینی حوسەینی


پەیامی سازمانی خەبات بەبۆنەی حەوتە‌مین ساڵرۆژی كۆچی دوایی مامۆستا شێخ عیزەدینی حوسەینی
تاریخ : Friday, February 09 @ 16:27:03 UTC
بابه‌ت : به‌ڵگه‌نامه‌کان


مرۆڤە هەڵكەوتەو نمونەییەكان  هێماو سەرچاوەی كرداری باش و ڕێنوێن و پێشرەوی جەماوەرن بۆ گەیشتن بە داهاتووی روون و درەوشاوە. بێگومان ناسین و هه‌ست كردن و ساغ بوونەوە لەسەر زیندوویی و رەسەنایەتی هەر نەتەوە و كۆمەڵگایێك، لە گەڵ ئەوەی  چه‌ند دیاردەو بنەمای سەرەكی هەیە، كە یەك لەو بنەماو فاكتەرانە، بوونی مرۆڤ و كەسایەتیە خاوەن بیرو باوەرو رێرەوی راست ونەگۆر و خۆراگر و بە هەڵوێسته.


 گەلی كورد، كە نەتەوەیێكی  ماف زەوتكراو و نیشتمان دابەشكراوە، گەلێك پیاوی مەردی مەیدان و رێ پیشاندەری دیار و خۆنەویست و گەل و نیشتمان خۆشەویستی تێدا هەڵكەوتوون كە جێی متمانە و باوەڕی نەتەوەن و بوونە قافڵەسالاری رێی  ئازادی و رزگاری و بوونە پێناسەیەك لە ناسنامە  نەتەوەییەكان و خەباتی ئازادیخوازی و مرۆڤدۆستی و دادپەروەری.  مامۆستا شێخ عیزەدین رێبەری لێوەشاوە و شۆرشگێر، رەمزی ئارامی و برایەتی و بەرابەری ماف و ئازادیەكانی هەر دوو رەگەزی ژن و پیاو. مامۆستا شێخ عیزەدین، كوردێكی دڵسۆزی نەتەوەكەی، پێشەوایێكی  ئایینی و نەتەوەیی خاوەن رێز و متمانە پێكراوی وردبین، سیاسیێكی دوربین بوو. مامۆستا تایبەت بە  چین و لایەنێكی تایبەت  نەبوو، موڵكی هەموو كورد و كوردستان بوو. دۆستێكی بەراستی دۆستانی كورد و دژمنێكی سەر سەختی  ڕژیمی ئاخوندی داگیركەرو كەسانی بەرچاو تەنگ و شۆڤێنیست بوو. مامۆستا ئەستێرەیكی درەوشاوەی ئاسمانی خەباتی نەتەوایەتی و ئازادیخوازی هەموو گەلانی ناوچەكەش بوو. مامۆستا یەكێك لە ئوستورەكانی مێژوی مرۆڤایەتی و رێ نیشاندەری بەختەوەری و گەیشتن بە ماف و ئازادیەكانی مرۆڤ بوو بە هەموو رەنگ و پێست و نەتەوە و زمان و فەرهەنگ و پێكهاتەكانیەوە.
مامۆستا شێخ عیزه‌دین یەكێك لەو سەركردە و رێبەرە دیارانەی كوردستان و تەنانەت ناوچەكەش بوو كە، زۆر شارەزایانە و دڵسۆزانە ئەوەندەی توانا و رێ دەستی هەبوو، بزاڤی رزگاریخوازانەی گەلی كورد لە كوردستانی ئێرانی رێبەری كرد و وەك پێشرەو و رێ نیشاندەرێكی واقیع بین و دور ئەندیش و بە دوور لە هەر چەشنە چەواشكاری و بەرژەوەندی شەخسی ، دژی رژیمی ملهوڕی ئاخوندی له‌ ئێران تێكۆشاو  شان بە شانی لایەن و پیشمەرگەكانی كوردستان، لە گۆڕەپانی خەباتی نەتەوایەتی و سیاسی ئەم گەلە دا، قۆناغ بە قۆناغ مایەوە. هاوكات مامۆستا شێخ عزه‌دین پشتیوانێكی گه‌وره‌ی سازمانی خه‌بات و مامۆستا سه‌ید جه‌لال حوسه‌ینی  و كاك بابەشێخ حوسەینی بوو و حه‌زی به‌ گه‌شه‌و پێشكه‌وتنی سازمانی خه‌بات ده‌كرد. 
مامۆستا شێخ عیزه‌دینی سه‌ربه‌رزو مه‌زن، لە پێناو ئاوات و ئامانجە پیرۆزەكانی دا تاڵی و سوێری و نەهامەتی و دەربەدەری و تەنانەت برینداری و ماڵ وێرانی هاتنە رێ. بەڵام سەرەڕای هەموی ئەمانە و چونەسەری تەمەنی، لەسەر بڕیار و رێباز و ئەركی پیرۆزی شۆڕشگیری و رێبەری بزاڤی شۆرشگێرانه‌دا، لە پێناو گەیشتن بە ئامانج و ئاواتەكانی، و تێكۆشان بۆ هاتنه‌دیی ئازادی له‌ ئێران و تێكرای ناوچه‌ی خۆرهه‌لاتی ناوه‌راست تا دواهەناسەكانی ژیانی پڕ لەسەروەری و شانازی، وەك رێبەرێكی دڵسۆز و نەتەوە و نیشتمان خۆشەویست مایەوە. 
سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران، كە لە زۆر قۆناغی تێكۆشاندا تووش تەنگ و چەڵەمە بوو  مامۆستا شێخ عیزەددین نەمر پشتیوانی لێ‌ كرد و لە كاتی تەنگانەدا هاواكارمان بوو. 
لە یادی حەوتەمین ساڵەی كۆچی دوایی مامۆستای نەمر و رێبەری بەوەجی گەلەكەمان، وەفاداری خۆی بە رێباز و تێرامان و روانگەكانی مامۆستا دەردەبڕێتەوە و نەمان و لەداستدانی ئەو مرۆڤە بەرزو بەرچاوە بە خەسارەتێكی گەورە دەزانێ كە لە ئازادیخوازان و مرۆڤدۆستان و سازمانی خەبات كەوت. هەر بۆیە یادكردنەوە و رێزگرتن لە هەوڵ و تێكۆشان و بیرو باوەری ئەو رێبەرە مەزنە بە ئەركی سەرشانی هەموو لایێك دەزانین و هیوادارین كە هەمووان بەرێزەوە یادی بكەنەوە و رێنوێنی و گوتار و كردارەكانی بكرێنە سەرمەشقی ژیانی رۆژانەی كار و چالاكی سیاسی و نەتەوەییمان. 
هەزاران هەزار سڵاو بۆ رۆحی پاكی مامۆستای دڵسۆز و رێبەر و رێ نیشاندەری هەڵكەوتەی نەتەوەكەمان مامۆستا شێخ عزەدینی حوسێنی. 
سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران 
كومیتەی ناوەندی
20 رێبەندانی 1396






سه‌رچاوه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ : KHABAT media


لینکی ئه‌م بابه‌ته‌ :
/modules.php?name=News&file=article&sid=9626