KHABAT media - راپەرینەكانی خەڵكی ئێران رژیمی وەلەرزە هێناوە


راپەرینەكانی خەڵكی ئێران رژیمی وەلەرزە هێناوە
تاریخ : Friday, January 05 @ 16:32:43 UTC
بابه‌ت : هه‌واڵه‌کان


خەباتمێدیا: ماوەی زیاتر لە هەشت رۆژە شارەكانی ئێران و كوردستان لە رژیمی دیكتاتۆری ئاخوندی راپەریون و تا دێ ئەو راپەرینانە پەرە دەستێنن.
بەپێی هەواڵ جەماوەری راپەریوی ئێران خۆراگرانە لە مەیدانەكاندا ماونەوەو شەقام و مەیدانی شارەكانی خۆیان كردووەتەوە سەنگەری بەرخۆدان و تا دێ ریزی خەڵكی نارازی زیاتر و دروشمەكانیان رەساتر دەبێ. 
هاوكات دیواری ماڵان و ئیدارە حكومەتیەكان بە درووشمەكانی مەرگ بۆ خامنەیی، مەرگ بۆ دیكتاتۆر رازاوەتەوە و ئەو دروشمانە بوونەتە وێردی سەر زمانی خەڵك و بەردەوام دەوترێتەوە.



هاوكات زیندانیانی سیاسی بە دەركردنی بەیاننامەی جۆراوجۆر پشتیوانی خۆیان بۆ خواستی راپەریوان دەربریوە لە جوابدا هێزەكانی رژیم لە گرتووخانەی ورمێ هێرشیان بردووەتە سەر بەندی زیندانیانی سیاسی و زۆر بێرەحمانە شكەنجەیان داون.
هەر بە پێی راپۆرتەكان لە چەند سەعاتی رابردوودا لە كاتی پێشبركێی فوتبال لە وەرزشگای تەورێز زیاتر لە 20 هەزار كەس لە جەماوەری نارازی  هەلەكەیان قۆستەوەو لە نزیك ستادیۆمی ئەو شارە بە دانی دروشمی مەرگ بۆ دیكتاتۆر، مەرگ بۆ خامنەیی و مەرگ بۆ رۆحانی رق و بێزاری خۆیان لە دەسەڵاتدارانی رژیم دەربری و خوازیاری رووخانی دەسەڵاتی ویلایەتی فەقێ بوون.
هەروەها لە تاران شەوی رابردوو لە چەندین شوێنی جیای وەك مەیدانی ئینقلاب جەماوەر خرۆشان و دروشمەكانی مەرگ بۆ خامنەیی، مەرگ بۆ دیكتاتۆر، خامنەیی حەیا كە دەست لە وەڵات هەڵگرە و چەندین دروشمی هاوشێوەیان دەوتەوە.
هەروەها لە شارەكانی كەرەج، مەشهەد، ئیسفەهان، ئەردەبێڵ، كرماشان، ورمێ و چەندین شاری دیكە بەردەوام بوو.
شایانی باسە لە ماوەی هەشت رۆژی رابردوودا زیاتر لە 50 كەس لە جەماوەر بە دەستی هێزە سەركوتگەرەكانی رژیم شەهید بوون و زیاتر لە 3000 كەسیش دەستبەسەر كراون.






سه‌رچاوه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ : KHABAT media


لینکی ئه‌م بابه‌ته‌ :
/modules.php?name=News&file=article&sid=9488