KHABAT media - پەرەسەندنی نارەزایەتیەكان و شەهادەتی ژمارەیەك لە هاوولاتی


پەرەسەندنی نارەزایەتیەكان و شەهادەتی ژمارەیەك لە هاوولاتی
تاریخ : Sunday, December 31 @ 08:51:02 UTC
بابه‌ت : هه‌واڵه‌کان


خەباتمێدیا: لەدرێژەی نارەزایەتی چەند رۆژی رابردووی جەماوەری بێزار لە ستەمی ئێران، شەوی شەممە لەسەر یەكشەممە 9لەسەر 10ی بەفرانباری 1396، لە دەیان شاری ئێران نارەزایەتی جەماوەری بەرێوەچوو كە لە ژمارەیم لەو شارانە شەر و پێكدادان لە نێوان جەماوەر و هێزە سەركوتگەرەكانی رژیم هاتە ئاراوەو لە چەند شارێك شەهید و بریندار و بە دەیان كەسیش لەلایەن ئە وهێزانەوە دەست بە سەر كراون.
بەپێی راپۆرتەكان لە شاری دورود لە لورستان لانی كەم چوار كەس شەهید بوون و ژمارەیەكیش بریندار كراون.


 ناوی شەهیدەكان بریتین لە: محەمەد چوباك، موحسین ویرایشی، حوسێن رشنو و هەمزە لەشنی. لە دوای شەهید بوونی ئەو چوار كەسە خەڵكی شاری دورود هێرشیان كردە سەر ئیدارە حكومەتیەكان.
لە ئەراكیش جەماوەر بەرەورووی هێزەكانی رژیم بوونەوەو ئوتومبیلێكی هێزەكانی رژیمان سەرەوبن كرد و هێرشیان بردە سەر ئیدارەی پۆلیس و بنكەی بەسیج و ئاگریان تێبەردان.
لە شاری مەلایر جەماوەر هێرشیان كردە سەر دەفتەری ئیمام جومعەی ئەو شارەو تێك و پێكیاندا.
لە ئەهوازیش خەڵك رژانە شەقامەكانی شار و دژ بە رژیم دروشمیان دا. 
جەماوەری قارەمانی ورمێ ئێوارەی رۆژی شەممە رژانە شەقامەكان و دژ بە دەسەڵاتداران دروشمی وەك مەرگ بۆ دیكتاتۆریان بەرز كردەوە.
لە تارانی پێتەختیش لاوان بەرەورووی هێزە سەركوتگەرەكانی رژیم بوونەوەو هێماكانی حكومەتیان هێنایە خوارەوەو دروشمی "سید علی حیا كن مملكتو رها كن" و "مەرگ بر خامنەای" یان دەگوتەوە. لەبەرامبەردا هێزەكانی رژیم چەكی ساچمەییان دژ بە نارازیان بە كار هێنا.
خەڵكی بەندەرعەبباسیش بۆ پشتیوانی لە شارەكانی دیكە هاتنە مەیدان و دروشمی مەرگ بۆ خامنەیی و "اسلام و پلە كردند مردم ذلە كردند" یان وتەوە.
لە مەشهەد لاوانی قارەمانی ئەو شارە بەرەورووی هێزە سەركوتگەرەكانی رژیم بوونەوەو ئوتومبیلێكی ئەو هێزانەیان سەرەوبن كرد.
شاهین شار و قەهدریجانی ئیسفەهان خەڵك دروشمی مەرگ بۆ دیكتاتۆریان وتەوەو هەتا درەنگانێكی شەو لە شەقامەكاندا مانەوە.
لە شاری كرماشانیش خەڵك درێژەیان بە راپەرین داو بەرەو رووی هێزە سەركوتگەرەكانی رژیم بوونەوە و دروشمی مەرگ بۆ خامنەیی و مەرگ بۆ دیكتاتۆریان وتەوە. بەپێی راپۆرتەكان لە كرماشان هێزەكانی رژیم دەستڕێژیان لە جەماوەری راپەریو كردووەو ژمارەیەك بریندار و كوژراو هەیە كە هەتا ئێستا زانیاری ورد لەو بارەوە بڵاو نەكراوەتەوە.
دۆخی ناوخۆی ئێران و نارەزایەتیەكانی خەڵكی شارەكان دژ بە رژیمی ئاخوندان بەشێوەیەكی بەربڵاو لە میدیا جیهانیەكاندا رەنگدانەوەی هەبووە.






سه‌رچاوه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ : KHABAT media


لینکی ئه‌م بابه‌ته‌ :
/modules.php?name=News&file=article&sid=9475