KHABAT media - هه‌واڵه‌كانى كوردستان و ئێران و جیهان (٢٦ى بانه‌مه‌ر)


هه‌واڵه‌كانى كوردستان و ئێران و جیهان (٢٦ى بانه‌مه‌ر)
تاریخ : Thursday, May 16 @ 19:27:45 UTC
بابه‌ت : کوردستانی




له‌سه‌روده‌مى هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌شارى بانه‌ پروپاگه‌نده‌ دژى حیزبه‌ كوردییه‌كان په‌ره‌ى سه‌ندووه‌
له‌گه‌ڵ نزیك بوونه‌وه‌ له‌ كاتى هه‌ڵبژاردنه‌كانى سه‌رۆك كۆمارى و شۆراكانى شار و دێ پروپاگه‌نده‌ و هه‌ڵسووران له‌دژى حیزبه‌ كوردستانیه‌كان له‌ شارى بانه‌ په‌ره‌ى سه‌ندووه‌. به‌ پێى هه‌واڵه‌كانى خه‌باتمێدیا، هه‌ینى رابردوو مه‌لاى سورێنى بانه‌ ، مه‌لا جه‌ببارى یه‌كشه‌وه‌ له‌ قسه‌كانى دا هێرشی كرده‌ سه‌ر حیزبه‌كانى كۆمه‌ڵه‌ و خه‌بات و دیموكرات و ئه‌و حیزبانه‌ى به‌ دارده‌ستى بێگانه‌ و بێزراو له‌ كۆمه‌ڵگا ناساندبوو. له‌دواى ئه‌و قسانه‌ خه‌ڵكێكى زۆر به‌ نیشانه‌ى ناره‌زایه‌تى نوێژى هه‌ینیان به‌ جێ هێشتووه‌ و ئاماده‌ نه‌بوونه‌ گوێ بۆ قسه‌كانى مه‌لا جه‌ببار بگرن. له‌هه‌مان كاتدا كۆمه‌ڵێك كه‌س له‌ شارى بانه‌ گروپێكى ئیسلامیان راگه‌یاندووه‌ و كه‌سێك به‌ ناوى محه‌مه‌دى سه‌لیمى سه‌رپه‌رشتیان ده‌كات. به‌ گوێره‌ى زانیارییه‌كانى خه‌باتمێدیا ئه‌و گروپه‌ كه‌ خۆیان به‌ "مه‌كته‌به‌" ده‌ناسێنن له‌ لایه‌ن رژیمه‌وه‌ پاڵپشتیان لێده‌كرێ و یه‌كێك له‌ كاره‌كانیان كه‌م كردنه‌وه‌ى كاریگه‌رى حیزبه‌كان له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا و دژایه‌تى سازمان سیاسیه‌ شۆرِشگێره‌كانه‌. خه‌ڵكى شارى بانه‌ هۆكارى ئه‌و جم و جولانه‌ له‌ ئێستا دا بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتوو ده‌گه‌رِینه‌وه‌ و له‌م رێگه‌یه‌وه‌ ده‌یانهه‌وێ كاریگه‌رى حیزب و سازمانه‌كان له‌ چوارچێوه‌ى هه‌ڵوێستیان سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان كه‌م بكه‌نه‌وه‌. 

 


 











هێز و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نى ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ سنووره‌كانى كوردستان 
له‌چه‌ند رۆژى رابردوو رژیم له‌ رێگه‌ى ناردنى سه‌رباز و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نى نوێ سنووره‌كانى په‌رویزخان و پادگانى ئاڵوه‌تانیان به‌هێز تر كردووه‌. به‌ پێى هه‌واڵه‌كانى خه‌باتمێدیا، رۆژى سێ شه‌ممه‌ ٢٤ى بانه‌مه‌رِى ١٣٩٢ له‌ شارى پیرانشاره‌وه‌ ٨ تانك و ٢ ماشینى بارهه‌ڵگر چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نى نوێ به‌ره‌و پادگانى ئاڵوه‌تان و ده‌شتى وه‌زنێ به‌رێ كراوه‌ . له‌هه‌مانكاتدا ٣ گوردان له‌ تیپى ١٠١ى له‌شكرى ٢٤ى قودس و ژماره‌یێك چه‌كو ته‌قه‌مه‌نى ره‌وانه‌ى مه‌رزى په‌رویزخانى قه‌سرى شیرین سه‌ر به‌ پارێزگاى كرماشان كراوه‌. ئامانج له‌و هه‌نگاوه‌ى رژیم توندوتۆڵكردنى سنوره‌كان و پێشگرتن له‌ هێرشی ده‌ركى راگه‌ێندراوه‌.











هاووڵاتییه‌كی دیكه‌ی بانه‌یی به‌ته‌قه‌ی ‌هێزه‌ ئینزامییه‌كان بریندار كرا
هاووڵاتییه‌كی بانه‌یی له‌ خاڵی سنووریی چۆمان و خێڵه‌رشی نێوان هه‌رێمی كوردستان و شاری بانه‌، له‌لایه‌ن هێزه‌ ئینتزامییه‌كانی حكوومه‌تی ئێرانه‌وه‌ بریندار بوو. به‌پێی راپۆرتی هه‌واڵده‌ریی كوردپا، رۆژی چوارشه‌ممه‌ رێكه‌وتی ٢٥ی بانه‌مه‌رِ هاووڵاتییه‌كی بانه‌یی به‌ناوی "ئه‌حمه‌د" ته‌مه‌ن ٤٥ سال و كورِی وه‌ستا عبدوڵڵا له‌ خاڵی سنووریی چۆمان و خێڵه‌ ره‌ش به‌ ته‌قه‌ی هیزه‌ ئینتزامییه‌كان بریندار كرا. ئه‌و هاووڵاتییه‌ خه‌ڵكی گوندی "سیوچ" ی سه‌ربه‌ به‌خشی "نه‌مه‌شیر"ی شاری بانه‌ بووه‌ كه‌ پاش بریندار بوون بۆ نه‌خۆشخانه‌ی ئه‌و شاره‌ راگوێزراوه‌ به‌ به‌هۆی به‌ركه‌وتنی فیشه‌كی له‌ رِاده‌به‌ده‌ر هه‌ر ٢ لاقی له‌ كار كه‌وتووه‌. هه‌روه‌ها رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ریكه‌وتی ٢٢ی بانه‌مه‌رِ كاسبكارێكی خه‌ڵكی ناوچه‌ی بانه‌ به‌ناوی "ئازاد سووراوی" كه‌ به‌ ماشێنه‌كه‌ی له‌ حاڵی گه‌رِانه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌دا بووه‌، له‌لایه‌ن هێزه‌ ئینتزامییه‌كانی شاری بانه‌وه‌ ته‌قه‌ی لێكراوه‌ و له‌ ئه‌نجامدا به‌ توندی بریندار كرابوو.











خۆسووتاندنی ژنێكی دیكه‌ له‌ شاری مه‌ریوان
ژنێكی دیكه‌ له‌ شاری مه‌ریوان به‌هۆی كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ ئاگری له‌ جه‌سته‌ی خۆی به‌ردا و كۆتایی به‌ ژیانی خۆی هینا. به‌پێی راپۆرتی هه‌واڵده‌ریی كوردپا، رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ رێكه‌وتی ٢٢ی بانه‌مه‌رِ ژنێك به‌ناوی " شه‌رمین" ته‌مه‌ن ٢٦ ساڵ و خه‌ڵكی گوندی "وله‌ ژێر"ی سه‌ربه‌ شاری مه‌ریوان، ئاگری له‌ جه‌سته‌ی خۆی به‌ردا و پاش ٢ رۆژ مانه‌وه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ به‌هۆی قوڵیی برینه‌كانییه‌وه‌ گیانی دا. ئه‌و ژنه‌ چه‌ند رۆژ پێش ئێستا له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی خۆی به‌كێشه‌ هاتبوو كه‌ به‌و هۆیه‌وه‌ رووی له‌ ماڵی براكانی كردبوو كه‌ له‌لایه‌ن براكانی خۆشییه‌وه‌ به‌ره‌ورِووی توندوتیژی و لێدان ببوویه‌وه‌ كه‌ له‌ ئه‌نجامدا ئاگری له‌ جه‌سته‌ی خۆی به‌ردابوو.












به‌رێوه‌به‌رى وه‌زارتى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا،رژێمى ئێران یه‌كه‌مین پشتیوانى تیرۆریسمه‌
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، وێندى شێرمه‌ن به‌رێوه‌به‌رى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا، له‌ كومیته‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌كى سه‌ناى ئه‌مریكا رایگه‌یاند، رژێمى ئێران زۆر به‌ جیدى حاشا له‌ چالاكییه‌ ناوه‌كییه‌كه‌ى خۆى ده‌كات و به‌ هۆى پابه‌ند نه‌بوون به‌ بریاره‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان ئێمه‌ فشارى خۆمان بۆ سه‌ر ئه‌و رژێمه‌ زیاد كردووه‌ و له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگاى نێونه‌ته‌وه‌یى هاورِاین كه‌ نابێت رژێم ده‌ستى به‌ چه‌كى ناوه‌كى بگات. ناوبراو وتى، ئێمه‌ نیگه‌رانى زۆرمان هه‌یه‌ له‌مه‌رِ ده‌ستێوه‌ه‌ردانه‌كانى رژێمى تاران له‌ رۆژهه‌لاتى ناوه‌راست، به‌ تایبه‌ت پشتیوانى له‌ رژێمى به‌شارئه‌سه‌د و پاڵپشتى له‌ گروپه‌ تیرۆریستییه‌كانى وه‌ك حیزبۆلا و هێرشى درِندانه‌ى ئه‌وان بۆ سه‌ر شارۆمه‌ندانى بێ تاوان له‌ سه‌راسه‌رى جیهان. ئێران یه‌كه‌مین ولاتى پاڵپشتى تیرۆریسمه‌ كه‌ به‌ شێوه‌ى سیاسه‌تێكى گرنگى ده‌ره‌كى خۆى نیشانى داوه‌.












هێرمان ناكارتس: وتووێژه‌كانى وییه‌ن بێ ئاكام بوو
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، هێرمان ناكارتێس جێگرى سكرتێرى ئاژانسى نێونه‌ته‌وه‌یى وزه‌ى ئه‌تۆمى له‌ مه‌رِ وتووێژه‌كانى رۆژى چوارشه‌ممه‌ له‌گه‌ڵ ئێران وتى، ده‌بێت دانى پێدا بنێم كه‌ باشترین هه‌وڵه‌كانمان تا ئێستا بێ ئاكام بوون. ئێمه‌ وتووێژى تێروته‌سه‌ڵمان بووه‌ به‌لام ئه‌و نووسراوه‌یه‌ى ئاماده‌ كراوه‌ و یه‌ك ساڵ و نیوه‌ وتووێژى له‌سه‌ر ئه‌كه‌ین كۆتایى پێ نه‌هاتووه‌.











ده‌رِكردنى سیخۆره‌كانى رژێمى ئێران له‌ هه‌رێمى كوردستان
به‌ پێى راپۆرتى ته‌له‌فزیونى ئه‌لجه‌زیره‌، به‌رپرسانى هه‌رێمى كوردستان ٤٠ كه‌س له‌ ده‌ست و پێوه‌نده‌كانى رژێمى ئێرانیان ده‌ر كردووه‌. به‌ پێى راپۆرتى ئه‌م ته‌له‌فزیونه‌ ئه‌و ٤٠ كه‌سه‌ دانیشتووى هه‌رێمى كوردستان بوون و به‌ هۆكارى سیخۆرى ده‌رِ كراون.








سێ زیندانى له‌ زیندانى كه‌ره‌ج ئێعدام كران
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رى هێرانا، سه‌رله‌ به‌یانى رۆژى چوارشه‌ممه‌ ٢٥ى گۆلان سێ زیندانى به‌ ناوه‌كانى حه‌مید شه‌هریارى، مه‌جید شیرخانلوو و نه‌سیرى كه‌ به‌ تاوانى قه‌تڵ ده‌ستبه‌سه‌ر كرابوون له‌ زیندانى ره‌جایى شارى كه‌ره‌ج له‌ سێداره‌ دران. به‌ پێى وته‌ى یه‌كێك له‌ زیندانییه‌كانى ئه‌و زیندانه‌ هه‌یئه‌تێكى دادستانى چاوى به‌ زیندانییه‌كان كه‌وتووه‌ و پێیانى راگه‌یاندووه‌ كه‌ تاكوو كۆتایى مانگى جۆزه‌ردان په‌روه‌ندى زیندانییه‌ ئێعدامییه‌كان روون ده‌بێته‌وه‌.






دولار نییه‌، ده‌رمانه‌كان له‌ گۆمرك ماوه‌یان به‌سه‌ر ده‌چێت
به‌ پێى راپۆرتى رۆژنامه‌ى تارانى ئه‌مرۆ، شه‌هلا میرگه‌لوبه‌یات، ئه‌ندامى كومیسیونى بێهداشت و ده‌رمانى مه‌جلیس رایگه‌یاند، به‌ هۆى وه‌رنه‌گرتنى یارانه‌ى ده‌رمان و نه‌بوونى دولار ده‌رمانه‌كان له‌ گۆمرك خه‌ریكه‌ ماوه‌ى به‌كار هێنانیان به‌سه‌ر ده‌چێت. ئه‌مه‌ له‌ حالێكدایه‌ كه‌ سه‌رۆكى كۆمه‌ڵگاى پزیشكانى تایبه‌ت رایگه‌یاندبوو كه‌ به‌ له‌به‌ر چاو گرتنى ئه‌وه‌یكه‌ ده‌رمانه‌كان له‌ گۆمرك ماونه‌ته‌وه‌ ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌ داهاتووێكى نزیكدا ده‌رمان له‌ ئێران نایاب ببێت. ئه‌م وتانه‌ له‌ حاڵێكدایه‌ كه‌ به‌همه‌نى سه‌رۆكى بانكى ناوه‌ندى رایگه‌یاندووه‌ كه‌ وه‌ك سالانى پێشوو ئه‌رزمان ته‌رخان كردووه‌ بۆ ده‌رمان.







خواردنه‌وه‌ی ئاو چاره‌سه‌ری سه‌رئێشه‌یه‌
‌لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی زانستی‌‌ نوێ ده‌ریده‌خات، ‌ خواردنه‌وه‌ی‌ ئاو به‌شێوه‌یه‌كی‌ رێكخراو به‌درێژایی‌ رۆژ، به‌رگری‌ ده‌كات له‌جۆره‌كانی‌ سه‌رئێشه‌‌و به‌تایبه‌تیش ئه‌و جۆره‌ی‌ سه‌رئێشه‌یه‌ی كه‌ لایه‌كی‌ سه‌ر ده‌گرێته‌وه‌. له‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كدا‌ پسپۆرِانی‌ پزیشكی‌ له‌زانكۆی مایتریچی‌ هۆڵه‌ندا، رایانگه‌یاند: خواردنه‌وه‌ی‌ حه‌وت په‌رداخ ئاو رۆژانه‌ رۆڵێكی‌ كاریگه‌ر ده‌بینێت له‌باشكردنی‌‌ بارودۆخی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ دوچاری‌ سه‌رئێشه‌ ده‌بنه‌وه‌. دكتۆر مارك سپیگت، پزیشك له‌و زانكۆیه‌ ده‌ڵێت: له‌ دوای‌ ئه‌نجامدانی‌ لێكۆڵینه‌وه‌‌ بۆ زیاتر له ‌١٠٠ نه‌خۆش كه‌ سه‌ر ئێشه‌یان له‌گه‌ڵدا بوه‌، بۆیان ده‌ركه‌وت كه‌ رۆژانه‌ زۆر خواردنه‌وه‌ی‌ ئاو ده‌بێته‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ سه‌رئێشه‌ كه‌م ببێته‌وه‌‌و رو له‌باشبون بكات.







ئه‌مه‌ریكا فرۆشتنی‌ ئاڵتون به‌ ئێران قه‌ده‌غه‌ ده‌كات
ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ هاوینی ئه‌مساڵه‌وه‌ به‌ قه‌ده‌غه‌كردنی‌ فرۆشتنی‌ ئاڵتون به‌ ده‌وڵه‌ت و هاوڵاتیانی‌ ئێران، ئه‌یه‌وێت به‌های‌ تمه‌ن كه‌متر بكاته‌وه‌و له‌رِێگه‌ی‌ به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی‌ گه‌رِانه‌وه‌ی‌ دراوی‌ بێگانه‌ بۆ ئێران ئاستی‌ كرِینی نه‌وتی‌ ئێرانیش كه‌متر بكاته‌وه‌. دێڤد كوهین، یاریده‌ده‌ری‌ وه‌زیری خه‌زنه‌دار له‌ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروباری‌ تیرۆریزم و زانیاری‌ دارایی رایگه‌یاند، ئه‌مه‌ریكا له‌م پێناوه‌دا توركیا و ئیمارات كه‌ به‌ دو گه‌وره‌ فرۆشیاری‌ ئاڵتون داده‌نرێن به‌ ئێران ئاگادار ئه‌كاته‌وه‌ چیدی ئاڵتون به‌ ده‌وڵه‌ت و هاوڵاتیانی‌ ئێرانی‌ نه‌فرۆشن. كوهین پێیوایه‌، كرِینی ئاڵتون له‌ لایه‌ن هاوڵاتیانی‌ ئێرانییه‌وه‌ نیشانه‌ی‌ كارایی سزاكانی‌ سه‌ر ئێرانه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ به‌های‌ دراوه‌كه‌یان تا دێت زیاتر رو له‌كه‌مبونه‌وه‌ ئه‌كات و هاوڵاتیانیش ئه‌یانه‌وێت پاره‌كه‌یان بكه‌ن به‌ ئاڵتون. پێشتر ئاژانسه‌كانی‌ هه‌واڵ رایانگه‌یاندبو، له‌بری‌ به‌های‌ ئه‌و گازه‌ی‌ ئێران هه‌نارده‌ی‌ توركیای‌ ئه‌كرد، ئاڵتونی‌ له‌توركیا ئه‌كرِی و له‌رِێگه‌ی‌ ئیماراته‌وه‌ ره‌وانه‌ی‌ خاكه‌كه‌ی‌ ئه‌كرد..







نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان؛ كورسی سوریا ده‌داته‌ ئۆپۆزسیۆن
رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان ده‌نگ له‌سه‌ر برِیارێك بدات بۆ ناساندنی ئیئیتیلافی هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی سوریا وه‌ك لایه‌نێك كه‌ گۆرِانكاری سیاسی له‌و وڵاته‌ بكات و كورسی سوریا له‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ وه‌ربگرێت و روسیاش هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ دژایه‌تی ده‌كات. رۆژى چوارشه‌ممه‌ كۆبونه‌وه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر پرۆژه‌ برِیارێكی قه‌ته‌ر و وڵاته‌ عه‌ره‌بیه‌كان ده‌ستیپێكرد و تائێستاش به‌رده‌وامه‌ و به‌پێی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ش ئیدانه‌ی توندوتیژی ده‌كرێت له‌ سوریا و پێشوازی له‌ ئیئتیلافی ئۆپۆزسۆنی سوریا ده‌كرێت وه‌ك لایه‌نێك كه‌ گۆرِانكاری له‌و وڵاته‌ بكات و پێشبینیش ده‌كرێت سه‌ره‌رِای نارِه‌زایه‌تی روسیا، پرۆژه‌ برِیاره‌كه‌ ده‌نگی پێویست بهێنێت هاوشێوه‌یه‌ی پرۆژه‌ برِیارێكی دیكه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان كه‌ ساڵی رابردو به‌ ده‌نگی (١٣٣) وڵاتی ئه‌ندام په‌سه‌ندكرا. په‌سه‌ندكردنی پرۆژه‌ برِیاره‌كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ نیگه‌رانییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپا له‌ مه‌ترسی ده‌سه‌ڵات گرتنه‌ ده‌ستی چه‌ند گروپێكی ئیسلامی توندرِه‌و به‌ تایبه‌تی دوای بڵاوبونه‌وه‌ی گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی كه‌ سه‌ركرده‌ی یه‌كێك له‌ گروپه‌ ئیسلامیه‌ شۆرِشگێرِه‌كان جه‌رگ و دڵی سه‌ربازێكی سوریا ده‌رده‌هێنێت و ده‌یخوات. سه‌رچاوه‌ دیبلۆماسیه‌كانی رۆژئاوا خه‌ختیانكرده‌وه‌، سه‌ره‌رِای نیگه‌رانییه‌كان، به‌ڵام ئومێدیان زۆره‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان هه‌نگاوێكی تر بنێت بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانی سوریا و كۆتایی هێنان به‌ توندوتیژیه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ كه‌ زیاتر له‌ (٢٦) مانگه‌ به‌رده‌وامه‌ و (٩٤) هه‌زار كوژراوی لێكه‌وتوه‌ته‌وه‌.








سه‌رچاوه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ : KHABAT media


لینکی ئه‌م بابه‌ته‌ :
/modules.php?name=News&file=article&sid=6259