KHABAT media - بڕیارەکەی تڕامپ پشتی ڕژیم چەماوەتر دەکات!


بڕیارەکەی تڕامپ پشتی ڕژیم چەماوەتر دەکات!
تاریخ : Saturday, May 12 @ 09:06:32 UTC
بابه‌ت : بیروبۆچوون


بێهروز ئەردەڵان
دۆناڵد ترامپ سەرۆکی وەڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەکاتی پڕوپاگەندە بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا، بەڵێنی ئەوەیدا کە ئەگەر ببێتە سەرۆک کۆمار، ڕێکەوتننامەی بەرجام هەڵدەوەشێنێتەوەو دەدڕێنێت.
دوای نێزیک بەساڵ ونیوێک و مانەوەی لە پۆستی سەرۆکایەتی، لەئاکامدا ڕۆژی  سێ شەممە بڕیارێکی بەبڕشتی دەرکردو یەکلایەنە لە بەرجام کشایەوە و بەڵێنی خۆی بردەسەر.


بە هاتنەدەری لەو ڕێکەوتننامە یەکەم هەنگاوی سڕینەوەی شوێنەوارو وسیاسەتی نەرمش و شەرمنانەی ئۆبامای لەهەمبەر ئێران جێبەجێ کرد وجیاوازی خستە نێوان کابینەکەی و حکومەتی پێشوو.
ئۆباما کە لەڕاستیدا پاشەکشێی بە سیاسەتی هەڵمەت بەرانەی ئەمریکا کرد و لەهێرشەوە بایداوە بەلای دیفاعێکی لاوازدا، بە ڕێکەوتنی لەگەڵ ڕژیمی ئێران و گەڕاندنەوەی میلیاردها دولار بۆسەر حیسابی ئاخوندان، مێژوویێکی ناخۆشی بۆ  ئەمریکیەکان و گەلانی ناوچە و ئێران تۆمارکرد.
ئۆباما بە ملدان بە ڕێکەوتنی ئەتۆمی و ئاوەڵەتر کردنی دەستی ئاخوندان، نەک کێشەی ناوكەیی و بابەتە پێوەندیدارەکانی پێوەند بە بەرجامی چارەسەر نەکرد، بەڵکوو ئاڵۆزی وگومان لەسەر درێژەی گەڵاڵەی ئەتۆمی زیاتر کردو  پەلهاویشتنی ڕژیم و تروریزمی نێودەوڵەتی و کێبەرکێی ئەتۆمی دۆخەکەی بردە ئاستێكی مەترسیدار.
بۆ کۆنتڕۆڵی ئەم دۆخە ئاڵۆزە و بەرگرتن لەپەل و پۆهاویشتنی ڕژیم و هاوکات گەڕاندنەوەی هەیبەت بۆ ئەمریکا و فاسیلەگرتن لە سیاسەتی تەسلیم تەڵەبی ئۆباما، دۆناڵد تڕامپ هەنگاوی کرداری لەدژی ڕژیم ناو بە بەرین کردنەوەی ئابڵوقەو گەڕانەوەی گەمارۆ سەپێنراوەکانی پێشوو بۆسەر ڕژیم، بارودۆخ بە ئاقارێکی دیکەدا دەڕوات.
ئەگەرچی وەڵاتانی ئوروپایی لە ڕێکەوتنەکە نەکشاونەتەوە و  هەرکامێکیان لەهەمبەر هەڵوێستی ئامریکا بۆچوونێکی جیاوازیان هەیە، بەڵام مێژووی ناکۆکی نێوان ئوروپا و ڕوسیەو هاووکات بەهێز بوونی مسکۆ، بەرچاو ڕوونیێکی باشە بۆ ئورووپاییەکان کە ئەگەر هاوهەنگاو نەبن لە گەڵ ترامپ و بەجۆرێک لەجۆرەکان فاسڵەبگرن لەئەمریکا، چارەنووسی زۆریان وەک ئۆکرانیایە و بەردەوام لەبەر هەڕەشەی ڕووسیەدا دەبن. بەم پێیە وێ ناچێ ئوروپا ستراتیژیەن لەگەڵ ئامریکا لە مەڕپرسی کشانەوە لەبەرجام ناکۆک بێ و بیهەوێ بەم بۆنەوە درز بخاتە نێوان خۆیی و وەڵاتەیەکگرتووەکان و مەجالدان بۆ چاوسوورترکردنەوەی ڕووسیە.
 لەم هەنگاوە نوێەدا ڕژیمی ئاخوندی دەکەوێتە قەیرانێکی قوڵترەوە و وێ دەچێ لەداهاتویێکی نزیکدا ئابووری وەڵات و یەکەی پووڵی ئێران تووشی ڕمانی یەکجاری ببێت.
ئەگەرچی ڕۆحانی و خامەنەیی بەدووی یەکدا دڵنیایی دەدەن کە گۆڕان ڕوو نادات و بارودۆخی ئێران دوای کشانەوەی ئەمریکا لەبەرجام وەک خۆی دەمێنێتەوە، سەرانی دیکەی ڕژیمیش کەوتونەتە خۆ بۆ هێور کردنەوە، بەڵام ئەمانە لەنیگەرانی خەڵک و پێشگرتن لە ڕمانی ئابووری ئێران کەم ناکات، چونکە لەداهاتویێکی نزیکدا تەواوی ئابڵوقەکانی بەر لە ڕێکەوتن دەگەڕێنەوە جێی خۆی.
سەرۆکی وەڵاتە یەکگرتووەکان لەکاتی واژۆی چوونەدەر لەبەرجام گوتی : من ئێستا فەرمانێکی سەرۆكایەتی ئیمزا دەکەم لەهەمبەر گەڕانەوەی ئابڵوقەکان و لەم بارەوە هەر وەڵاتێک یارمەتی بواری چەک چۆڵی ناوکەیی ئێران بدات  لەلایەن ئێمەوە بایکوت دەکرێت. فەرمانی سەرۆک ترامپ دراوە بەهەریەک لە وەزیری دەرەوە، وەزیری خەزێنەداری، وەزیری بەرگری، وەزیری دادگوستەری، وەزیری ووزە، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی، ڕاوێژکارانی ترامپ، نوێنەری بازرگانی وەڵاتە یەکگرتووەکان، باڵوێزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڕێوەبەرانی زانیاری گشتی و زانیاری ناوەندی وئێف بی ئای و سەرۆکی یەکەی هاووبەشی هێزەچەکدارەکان تا ئامادەی جێبەجێکاریان تێدا بێت.
هەر لە یەکەم هەنگاودا وەزارەتی خزێنەداری ئەمریکا بە دەرکردنی ڕاگەێیندراوێک ڕایگەیاند دەفتەری کونتڕۆڵی داراییەکانی دەرەوەی وەزارەتی خەزێنەداری بۆ بەڕێوەبردنی فەرمانی ترامپ هەنگاوی هەڵگرتووە. ئابڵوقەکان کە لەماوەی 90تا 180 ڕۆژ دەگەڕێتەوە هەڵگری بایکوتی ڕابردوو و نوێش دەبێت.  ئابڵوقەکان بانکی ناوەندی دەگرێتەوە و بەم شێوە پووڵی نەوتی هەناردە کەلە ڕێگەی بانکی ناوەندی ڕەد وبەدەڵ دەکرا، ئیتر ناکرێت، بەو مانایە ڕژیم ناتوانێ پووڵی فرۆشی نەوت وەربگرێت.
جیاواز لەتەحریمی نەووت،  وەزارەتی خەزێنەداری لیستێکی نوێی ئابڵوقەی ئاشکرا کرد کە کەشتیەوانی ،نەووت ،بیمە، زێڕ و شت گەلی گران قیمەت و ماشین سازین کە لەو ماوەدا ئابڵوقە دەدرێن. هەروەها گەڕی دووهەمی ئابڵوقە دەسەپێنرێت کە کومپانیاکانی دیکەیە بێجگە لە ئەمریکا کە تا 20 میلیون دوڵار دەتوانن لەگەڵ ڕژیم سات وسەودا بکەن.
ئەم گەمارۆ ئابووریانە پشتی ئابووری ئێران چەماوەتر دەکات ولەباری سیاسی و دیپلۆماسیەوە لەڕابردوو گۆشەگیرتر دەکرێت. لەداهاتوویێکی نزیکدا کاردانەوەی کشانەوەی ئەمریکا لەبەرجام زیاتر دەبێ ولەوانەیە بێجگە لە باری ئابووری و بابەتگەلی دیکە شەڕێکی ناوچەیش بەدووی خۆیدا بهێنێت.







سه‌رچاوه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ : KHABAT media


لینکی ئه‌م بابه‌ته‌ :
/modules.php?name=News&file=article&sid=10029