KHABAT media - "ئازادی" ئەو دروشمەی ئاخوندان خەڵكیان پێ فریو دا


"ئازادی" ئەو دروشمەی ئاخوندان خەڵكیان پێ فریو دا
تاریخ : Thursday, May 10 @ 08:14:22 UTC
بابه‌ت : بیروبۆچوون


شیلان محەممەدی 
دیموكراسی و ئازادی لە سەرانسەری جیهاندا خاوەنی تاریف و پێناسەیێكی دیاری كراوە و بە پێی كۆمەڵێك پێوەری دیاری كراو و سەڵمێندراو دەناسرێتەوە و رێژەی بوون یان نەبوونی ئەو پێوەرانە دەكرێتە بنەما بۆ پلەبەندی وەڵات و گەلان لەمەڕ سیستمی دیموكراسی و ئازادی.  لەم سەردەمەدا  ئیدی دیموكراسی و ئازادی شتێك نییە كە بتواندرێ‌ بە ئاسانی پشتگوێ بخرێ‌ و حكوومەت و دەسەڵاتەكان خۆی لێ بدزنەوە و زۆربەی سیستم و رژیمە دیكتاتۆرەكانیش تەنانەت دەمی لێدەدەن و ئیددیعای دەكەن.


 
رژیمی ئاخوندانی دەسەڵاتدار لە وڵاتی ئێران كە ماوەی چوار دەیەیە دەسەڵاتی گرتۆتە دەست، لە سەعاتەكانی گرتنە دەستی دەسەڵات و رووخانی رژیمی پاشایەتی، بە شوعاری ((ئیستقلال، ئازادی، جمهوری ئیسلامی)) خەڵكیان فریودا و كێشایاننە سەر سندوقەكانی دەنگدان و لە رێكەوتی 12ی خاكەلیوەی ١٣٥٨ و لە ریفراندۆمێكدا لە ژێر ناوی جمهوری ئیسلامی ئەرێ یان نا؟ دەسەڵاتیان گرتە دەست و بناغەی سیستەمێكی وەها دیكتاتۆر و دواكەوتوویان دارشت كە مێژووی مرۆڤ كەمی بە خۆیەوە بینیوە و  لەو تاریخە بەولاوە خەڵكی ئێران تەنیا چاویان بە  ئازادی و، سەربەخۆیی  ئیسلامەتی نەكەوت و نزیك بە 40 ساڵە حوكمی  رژیمێكی ئۆپۆرتۆنیست و دیكتاتۆر بە تەواوی مانا و دواكەوتوو و گەندەڵ لەهەموو بوارەكاندا بەسەر سەریانەوەیە.  
خومەینی بەكۆمەڵێك شوعاری زریقەدار و بەڵێنی درۆینە دەسەڵاتی وەرگرت و بە سوار بوونە سەر شەپۆلی هەستی جەماوەر سەرەنجی خەڵكانێكی بۆلای دەسەڵاتـەكەی  راكێشا و  بۆ رزگاربون لە دەسەڵاتێكی دیكتاتۆر و لەپێناو ئازادیدا لە پرۆسەیێكی چاوبەست و چەواشەكاری دا رژیمێكی دیكتاتۆرترو سەركوتگەریان ھەڵبژارد. ئاخوندانی خوێن رێژو سەركوتگەری حاكم لەو وڵاتەدا، خراپترین و نامرۆڤانەترین سیستمی بەرێوەبەریان دامەزراند و  بەرپرسانی رژیم زۆر كات لەو پەری بێشەرمی دا ئیدعای ئازادی و باشترین جۆری دیموكراسی لە ناوچەكە  دەكەن، ئەمە لەكاتێكدا كە رۆژانە شاھێدی لەداردان و خستنە پشت میلەكانی زیندانی ئازادیخوازان، جیابیران، ماف ویستان و كەسانی چالاك دەبین، ئازادی بەیان بوونی نییە، ئازادی پۆشش و جل و بەرگ نیە، پێشێلكردنی مافی مرۆڤ لەو وڵاتەدا گەیشتۆتە ئاستێكی یەكجار بەرز و لەنێو وڵاتاندا پلەی ١٦٠ ی ھەیە لە پێشێلكردنی مافەكاندا، سەرمایەو داھاتی خەڵكی ھەژارو وەزاڵەھاتوی وڵات خەرجی دروستكردنی گروپی ترۆریستی و بەهێزكردنی ترۆریستان و دەستێوەردان لە وەڵاتان دەكرێت و سەرەڕای دەوڵەمەندی وەلاتی ئێران بە سەرچاوە ژێر زەوییەكان، بەداخەوە خەڵكەكەی لەهێڵی ھەژاریدان. ئەوە لەپێوەند بە كۆمەڵگا و ھاوڵاتیان، ئەگەر چاوێكیش بەنێوخۆی سەرانی رژیم و بەرێوەبەریان بخشێنین، ھەر لە سیستمی بەرێوەبەری و پلەبەندی دەسەڵات و شانۆی ھەڵبژاردنەكان و .... جگە لە دیكتاتۆری و گەندەڵی و بێ سەرەوبەرەیی شتێكی دیكە بوونی نیە بەنێوی دیموكراسی و ئازادی.
 ھەموو دەسەڵات و ھێز لەدەستی عەلی خامنەیی، رێبەری رژیمدا كۆبۆتەوەو دواجار ھەموو بریارێكی كۆتایی لای ئەوە. 
رەنگ بێ زۆر جار لەژێر ناوی بوونی هەڵبژاردنی جۆراوجۆر لە وەڵاتی ئێران ژێستی ئازادی و خەلكی بوونی نیزام و دیموكراسی كرابێ بەڵام هەركەس شارەزای سیستەم و چۆنیەتی بەرێوە چوونی پرۆسەی هەڵبژاردن لە وەلاتی ئێران بێ دەزانێ‌ كە هەڵبژاردن لە رژیمی ئێران لە پرسێكی گالتەجار و پێكەنیناوی زیاتر نییە. رژیم بە وەرێ خستنی شانۆی ھەڵبژاردن و فریودانی خەڵكی و لە ژێر ناوی دەستاودەست كردنی دەسەڵات لە لایەن خەڵكەوە بناغەی دیكتاتۆریەتەكەیان قایم دەكەنەوە. سەرەرای ئەوەی ئەو كەسانەش كە خۆیان كاندید دەكەن ھەر دەست و پێوەندانی خۆیانن، لەوێشدا دیسان ئەو كەسانەی كە كەمتر بەشداری جینایات و گەندەڵیەكانی ئەو رژیمەیان كردبێت، بەجۆرێك لە جۆرەكان دور دەخرێنەوە و كەسانی نزیكتر لەخۆیان مەیدانیان بۆ واڵاتر دەكرێت. ئەوانیش پێش وەرێ خستنی شانۆكە بەوتنەوەی كۆمەڵێك دروشمی زریقەدار و بەڵێنی درۆینە بۆ بردنە پای سەندوقەكانی دەنگدان خەڵكی فریو دەدەن، ئەوەش تەنیاو تەنیا بۆ فریودانی وڵاتان و خۆپیشاندان وەك وڵاتێكی خاوەن دیموكراسی و سەردەمیانە، لەكاتێكدا كە ھیچ لایەنێكی ئەو ھەڵبژاردنانە دیموكراسی تێدا پەیرەو ناكرێت و بەپێی بنەماكانی ئازادی نیە. 
دامەزراوەو رێكخراوەكانی تایبەت بە مافی مرۆڤیش لەو وڵاتەدا بەجێی تێكۆشان لەپێناو مافەكانی مرۆڤ، ھەوڵ ئەدەن بۆ داپۆشین و پەردەپۆش كردنی تاوان و جینایەتەكانی سەرانی ئەو رژیمە گەندەڵ و خوێن رێژە. 
ھیچ كام لە چین و توێژەكانی ئەو وڵاتە لەژێر دەسەڵاتی ئاخونداندا ناتوانن داوای مافەكانیان بكەن و بۆیان تێبكۆشن، و لەحاند نەبون و پێشێلكردنی مافەكانیان، سەركوت و زەبرو چەوساندنەوە دەكرێت بە خەڵاتیان.
وڵاتی ئێران خاوەنی چەندین نەتەوەو ئاین و مەزھەبی جیاوازە و ستەمی نەتەوەیی و ئایینی لە رەهەندە سەرەكیەكانی نەبوونی ئازادی و دیموكراسیە لە نیزامی ئاخوندیدا و لەسایەی بونی دەسەڵاتی ئاخوندانی حاكم لەو وڵاتەدا ھیچ مافێكیان بۆ لەنەزەر نەگیراوەو كەمینە ئایینی و نەتەوەییەكان لە شوێنە دیارەكانی بەرێوەبەری و باڵادا جێدەستیان نیە بەھۆی رێگەنەدان.
ئەوە ماوەی چل ساڵە خەڵك لەو وڵاتەدا لەگەڵ زوڵم و زۆر و سەركوت روبەرون و سەرەرای نەبونی حەق وماف، لەو وڵاتەدا ھەموو شتێك بەلایەنی خراپییەوە ھەیە و دەبینرێت جگە لە نەبونی دیموكراسی كاركردن بەپێی بنەماكانی و نەبوون و پێشیلكردنی  ئازادییە تاك و كۆمەڵەكان لە سەرووی كار و بەرهەمی مانەوەی دەسەڵاتی ئاخوندی لە وەلاتی ئێراندا بووە.






سه‌رچاوه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ : KHABAT media


لینکی ئه‌م بابه‌ته‌ :
/modules.php?name=News&file=article&sid=10017