KHABAT media - بەرز و بەرێز بێ 19ی بانەمەڕ، یادی شەهادەتی سەروەری گەل شەهید تەها رۆحی (تەها سوور)


بەرز و بەرێز بێ 19ی بانەمەڕ، یادی شەهادەتی سەروەری گەل شەهید تەها رۆحی (تەها سوور)
تاریخ : Wednesday, May 09 @ 14:39:45 UTC
بابه‌ت : شه‌هیدان


رۆژگار بە پەلە دەڕوا و قۆناغە جۆراوجۆرەكان دەبڕێ و هەر كاتەی كارە ساتێك دەبینێ. هەر ساتە ڕووداوی تاڵ یان شیرین لە ناو دڵی خۆیدا تۆماردەكا و بۆ وەچەكانی داهاتوو دەیكاتە دیاری و یادگاری. یەكێك لەو شتە گرینگانەی كە مێژوو لەسەر لاپەڕەكانی رۆژگاری نووسیوە و هەتاهەتایە وەك سەر خەتێكی زێڕین خۆی دەنوێنێ، خەباتی گەلانی ژێر ستەم و چەوساوەیە كە گەلی كوردستان بە شێكی بەر چاوی لەو خەباتەی لە ناو دڵی مێژوودا كردۆتە یادگار. 



گەلی ئێمە لە پێناو رزگاری و بەختەوەری خۆیدا و لە رێگای پیرۆزی خەباتدا زۆر قوربانی گرینگی پێشكەش كردووە كە هەر یەكەیان شیاوی یادكردن و رێز گرتنن. بەڵام ئەگەر بمانهەوێ هەموویان یاد بكەین و تێكڕای سەروەرەكانمان بە تەواوی باس بكەین لە مەودای نووسین و گوتن دا جێگەیان نابێ، بۆیە ناچارین هەرجارەو یادی دانەیەك لەو ڕۆڵە نەبەزو بەڕێزانەمان بكەین ئەویش لە دەریایەك بە دڵۆپێك خۆ قایل بكەین. یادی ئەمجارەمان یادی قارەمانێكی هەڵكەوتووی كوردستان، تێكۆشەرێكی پاك و دڵسۆز، پارتیزانێكی لێزان و شۆڕشگێڕێكی نیشتمانپەروەر كاك تەها ڕۆحی ناسراو بە تەهاسوورە كە یادەكەی ڕێگای خەباتمان بۆ ڕوون دەكاتەوە و تین و توانا دەداتە دەماری میرات گرەكانی و لاوە نەبەزو قارەمانە هاوبیرو خەباتیەكانی. كاك تەها سوور بە قارەمانەتی و پاكی و چاكی و دامەزراوی و نەوەستانی و ڕاستی و ئازایەتی، خۆی بە شێوەیەك ناساند بوو كە ئێمە بە پێویستی نازانین تاریفی لێ بكەین. ئەو شەهیدە كرداری زێڕین و شیاوی خۆیەتی كە شاهیدی لە سەر فیداكاری و بەورەیی و نەبەزی و خەباتگێڕی دەدەن و بڵێسەی ئاگری شۆڕشگێری و نووكی گوللەی چەكەكەی و هەڵمەتی بۆ سەر سەنگەری داگیركەران روونترو تیژترن لە بەیان و قەڵەمی ئێمە و ئەوانن كە ئێمەیان  لە ناساندنی ئەو شەهیدە بەرزە بێ خەم كردووە. هەڵمەتی شێرانەو نەترسی و گیانبازی و دڵسۆی و خاوێنی و خۆشەویستی چەند میراتێكی بەر چاو و بەنرخن كە بۆ هاوبیرو هاوسەنگەرەكانی بە جێماون و بوونە سەرمەشقی ژیانی شۆڕشگێڕی ئەوان. دامەزراوی و دەست و داوێن پاكی و ئەخلاقی جوان بۆتە هۆی جێگیربوون لە ناو دڵی زۆربەی خەڵكی ناوچەكانی كوردستاندا، بە ڕادەیەك كە باسی ئەو شەهیدە ئێستاش چراو شەو چلەی مەجلیسانە. كاك تەها رۆحی(تەهاسوور) لە ساڵی 1342 دا لە شاری بانە لە خانوویەكی بچكۆلانە و جێو بانێكی هەژارانە و لە ماڵێكی نەداردا چاوی پڕ ئاواتی بە دونیای پڕ لە مەینەتی كوردستان هەڵێنا. ئەویش بە ریزی نەپساوە و دوورودرێژی ژێر دەست و چەوساوەكانی كوردستان زیاد بوو. شەهید تەها هەر لە سەرەتای ژیانیدا و لە دەورانی  منداڵییەوە تێكەڵ بە مەینەت  و ئازاری نەداری و چارەڕەشی كوردەواری بوو. فەرهەنگی رەهەندی بێگانەش سەربارێكی تری ئەو نیشتمانە دابەش كراوەیە بۆ ئەو گەلە بەشخوراوە. كاك تەها لە سەرەتای فام كردنەوەی دا بەرەو مەكتەب وەڕێكەوت و بە هەوڵی سەنگەری دژی ستەم و زۆرداری دا دابین بوو. بەڵام بە دوای راپەرینی خەڵكی ئێران دژی رژیمی پاشایەتی و دوایەش هاتنە سەركاری رژیمی دیكتاتۆری ئاخوندی و هێرشی بەكرێگیراوانی رژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو بۆ سەر كوردستان و كوشتاری خەڵك و وێران كردنی بوونە هۆی ئەوەی  درێژە بە خوێندن نەدا و ئەویش وەك زۆربەی ڕۆڵەكانی كوردستان بۆ دیفاع لە نیشتمان و دانیشتوانی هاتەریزی پێشمەرگایەتی و بە یەكجاری مەدرەسەو  خوێندنی بە جێ‌هێشت و لە سەرەتادا چووە ریزی پێشمەرگەكان لە دۆڵی كەلیخان و دوایەش هاتە قەڵای خەبات لە نزیك دێی بلەكێ‌. 
بەڵێ‌، شەهید تەها  لە تەمەنی  مێرمنداڵی و بە هەستی خاوێن و بەتینی كوردایەتی هاتە  ریزی پێشمەرگە ئازاو لە خۆ بردووەكانی كوردستان و چەكی شەڕەفی شۆڕشگێڕی لە شان كرد. شان بە شانی پێشمەرگەكانی كوردستان كەوتە بەربەرەكانێی دژی لەشكەری داگیركەری رژێمی ئاخوندی. لە هەوەڵ رۆژی ڕاگەیاندنی دامەزراندنی سازمانی خەباتدا بوو بە پێشمەرگەیەكی دڵسۆز و پڕ لە باوەری ئەو سازمانی خەبات. لاپەڕە زێڕینەكانی ژیانی پێشمەرگایەتی ئەو شەهیدە پڕن لە باسی ئازایەتی، فیداكاری، گەورەیی و بە ورەیی و قارەمانەتی و لێزانین. ئەو تایبەتمەندییە ئەخلاقیانەی كە لە شەهید تەهادا بوون ببوو بە هۆی  جێگیربوونی لە ناو دڵی هاوبیر و هاوسەنگەرەكانی و هەروەها خەڵكی ناوچەكانی جێگەی هەڵسووڕانی ئەو شەهیدە. شەهید تەها رۆژبەرۆژ پلەی لێزانین و لێهاتوویی باری نیزامی و تاكتیكی شەڕی پاڕتیزانی بەرزتر و بەچاوتر دەبوو، ورەی شۆڕشگێڕی و گیانی لە خۆبردوویی و ئاكاری پاكی و چاكی بە هێزتر و بەر چاوتر دەبوو. هەر بۆیەش بە زوویی لەو تەمەنە كەمەیدا توانی بە پلەی فەرماندەریی بگا و بەرەو ژوور بچێ. لە بەهاری ساڵی 1361 دا بوو بە فەرماندەی نیزامی لە ناوچەكانی بۆكان و سەقز و لە 26/6/1363 دا بوو بە فەرماندەریی لقی شەهیدانی دەشتە تاڵ لە هێزی شەهید سەید خەلیل و هەتا 19/2/1364 بە فەرماندەریی مایەوە و شیاوی بەرەو ژوور چون بوو. چونكە لە تەواوی ماوەی فەرماندەری خۆیدا، زۆربە دڵسۆزی و لێهاتوویی سپاردەكانی خۆی ئەنجام دەدا و لە هەموو ناوچەكانی شوێنی هەڵسوورانی دا ئاگرێكی وەهای بۆ دوژمنانی كردبۆوە كە نێوی تەهاسوور مچوركی مەرگی دەخستە دڵیانەوە و شەو و رۆژ تەنانەت لەناو مۆڵگەكانیشیان دا ئۆقرەیان نەدەگرت و تەمی سام لە سەریان نەدەڕۆیی. لە ئاكامدا لە شەڕێكی توندی 4ساعەتەدا كە لە دژی هێزی بەكرێگیراوی حكومەت و جاشەخۆفرۆشەكان لە نزیك دێی سیاومە لە ڕۆژی 19/2/1364 دا رویدا, كاك تەها بە گوللەی خائینان و داگیركەران پێكراو پاش ماوەیەك لە كاتێكدا كە بزەی شانازی لە سەر لێوی بوو. لە ئاخرین كاتی ژیانی پڕ لە حەماسە و شانازیدا ئەو رستە جوان و پڕلە ورە و دڵسۆزییەی خوارەوەی بە ڕوو خۆشی و ئەوینەوە گوت و بۆ هەمیشە لە ناو دڵی مێژووی خەباتی سازمانی خەباتدا، بوو بە یادگارێكی بە نرخ و مامۆستایەكی ڕاهێنەڕ. ئەوەش رستە جوان و بەڵگە شیاوەكەی شەهید: [سپاس بۆ خودا ئەوە خەریكە لەم ڕێگە پیرۆزەدا، ڕێگەی سازمانی خەبات، رێگەی رزگاری گەلی كورد، گیانی خۆم فیدا دەكەم و بە ئاواتی خۆم دەگەم.] بەو شێوە بە شانازی و بە دەم پێكەنینەوە چاوی ئەمین و پڕ لە ئەوینی لەسەر یەك داناو دڵی ئەوینداری بە باوەر بە خودا  و پڕ لە خۆشەویستی كوردستانی لە خوێندا شەڵاڵی لە لێدان ڕاوەستا و گیانی پاك و بەڕێزی بەرەو بەهەشتی شەهیدان بەرێ بوو و ئەركی پیرۆزی خەباتی بۆ ئێمەی هاوبیرو هاوسەنگەرانی بەجێ هێشت.
(( یادی لە بیرناچێ و فیداكارییەكانی دەبێت بە سەرمەشقی كوردستان و سازمانە خوێناوییەكەی ))






سه‌رچاوه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ : KHABAT media


لینکی ئه‌م بابه‌ته‌ :
/modules.php?name=News&file=article&sid=10010