
خەباتمێدیا: شیركەتی بیمەی تەجارەتی خارجی فەرانسە، ئێرانی بە یەكێك لە مەترسیدارترین وەڵاتانی جیهان بۆ تەجارەت و سەرمایەگوزاری ناوبردووە.
رۆژی هەینی 24ی خاكەلێوەی 1397 رادیۆ نێونەتەوەیی فەرانسە بڵاوی كردەوە كە شیركەتی بیمەی تەجارەتی خارجی فەرانسە لێكدانەوەی خۆی لە ئاسایشی سەرمایە و ئاڵوگۆر لە وەڵاتانی جیهان لە سێ مانگی یەكەمی 2018 بڵاو كردوەتەوە.
ئێران لەگەڵ 15 وەڵاتی دیكەی جیهان مەترسیدارترین وەڵاتن بۆ تەجارەت.
شیركەتی بیمەی تەجارەتی خارجی فەرانسە (كوفس) رایگەیاند: لیبی، سودان، یەمەن، سوریە، عەراق، ئەفغانستان، زیمبابوە، وێنزوئیلا و كورەی باكور و ئێران لە لیستی مەترسیدارترین وەڵاتانی جیهان بۆ تەجارەت لەو لیستەدا جێگەیان گرتووە.
ئەو لێكدانەوەی كوفس بەپێی چالاكی شیركەت و بانكە گەورەكانی جیهان لە وەلاتە جیاجیاكانی جیهانە كە مەترسی و ئاسایشی ئاڵوگۆر و سەرمایەگوزاری ئامادە كراوە.
ئەو شیركەتە فەرانسەییە دەڵێ ئاڵوگۆری كالا لە ئێران لەگەڵ هەرەشە و مەترسی زۆر بەرەورووە.
بەپێی ئەو لێكدانەوەی كوفس، 160 وەلاتی جیهان دابەشی 8 گروپی جیا لە كەم مەترسی هەتا پر مەترسی دابەش كراون.
ئاڵمان، ئوتریش (نەمسا)، نۆروێژ و هولەند ئەو وەلاتانەن كە هیچ مەترسیەك لەسەر خواست و سەرمایەیان نیە.