
خەباتمیدیا: ژمارەیەك لە بەندكراوانی سیاسی عەقیدەتی لە زیندانەكانی ئەوین، گەوهەردەشت و تارانی گەورە لە راگەیەندراوێكدا رایانگەیاند كە لە نارەزایەتی بە رەوشی داخراوی سیاسی و نەبوونی ئازادیەكان، لە رۆژی یەكشەممە 27ی رەشەممەوە بۆ ماوەی سێ رۆژ مان لە خواردن دەگرن.
ئەو بەندكراوانە لە راگەیەندراوەكەیان هەروەها دەنووسن ئێمە ژمارەیەك لە بەندكراوانی سیاسی و عەقیدەتی وەڵات بەهۆی رەوشی داخراوی سیاسی وەڵات، نەبوونی ئازادی مەدەنی،
رەچاونەكردن و وەدیی هاتنی دادپەروەری، گەندەڵی بەربڵاوی دەسەڵاتداران و وەڵامنەدانەوەی بەرپرسان، سەركوت و دەستبەسەر كردنی بەردەوامی نارازیان و رەخنەگران و روناكبیرانی وەڵات هەر لە لاوان، كرێكاران، ژنان، خوێندكاران، كەمینە نەتەوەیی و دینیەكان و چالاكانی ژینگەپارێز، ماڵخوراوان و باقی چالاكە كۆمەڵایەتیەكان، پەرەسەندنی و بەرین بوونی ئاستی هەژاری و نەداری، زیادكردنی ئاماری بێكارانی وەڵات، كێشەی كەسب و كاری خەڵك، دابەزینی ئابووری و دیاردە ژینگەییەكان، نەبوونی پەرەپێدانی وەكیەكی ناوچەكانی وەڵات، هەڵسوكەوتی نادروستی هێزەكان و قازیەكان لە زیندانەكان لەگەڵ گیراوان و بەتایبەت لەگەڵ خانەوادەی زیندانیانی سیاسی و هەروەها بۆ دەربرینی هاودەردی لەگەڵ قوربانیانی قەتاری تەورێزـ مەشهەد، كەشتی سانچی و كەوتەخوارەوەی فرۆكەنەفەر هەڵگرەكە لە شاخی دێنا، رووداوی بێ ئەندازەی جادەكان و بەتایبەت بوومەلەرزە لێدراوانی كرماشان و خانەوادەگەلێك كە خۆشەویستەكانیان لە كاتی نارەزایەتی و كۆبوونەوە رەواكان و یان لە كاتی دەستبەسەركراندا كوژراون، وە هەروەها بەنیشانەی نارەزایەتی مانگرتن لە خواردنی سێ رۆژە لە رۆژی یەكشەممە رێكەوتی 27ی رەشەممە هەتا كاتی گۆرینی ساڵ رادەگەیەنین.