خەباتمێدیا: بەپێی راپۆرتی كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستان،
ئاماری تەڵاق لە شارەكانی كوردستانی ئێران بەرەوسەر چووە، بەشێوەیەك كە لە 11 مانگی رابردوودا لە پارێزگای ورمێ 6051 لە پارێزگای كرماشان 4684 و لە پارێزگای سنە 3723 و لە پارێزگای ئیلام 759 خانەوادە هەڵوەشاوەتەوە و بە تەڵاق كۆتایی پێ هاتووە.
لە قانوونی بنەڕەتی رژێمی دیكتاتۆری ئێ{اندا تەڵاق چ لە باری شەرعی و چ لە باری مافەوانی و بەپێێ مادەی 1133ی قانوونی مەدەنی بە دەستی پیاوە و پیاو دەتوانێ بە هەر ناوێك و هۆی بێ بنەما، ژن تەڵاق بدات. ئەو مافە بۆ پیاوە نەك ژن.
بەپێی مادەی 1108ی قانونی مەدەنی رژێم هاتووە كە ئەگەر ژن خۆ لە ئەركی ژنیەتی لابدات، پیاوان دەتوانن بەپێی لێپرسینەوە لە ژنان تەڵاقی بدات.
لە كاتێكدا لە ئێران قانوونە دواكەتووەكان بەرێوەدەچن كە، لە مادەی 16ی كنوانسیۆنی دیفاع لە مافی ژنانی رێكخراوی نەتەوەكاندا هاتووە: بۆ هەڵگرتنی جیاوازیدانان دژ بە ژنان و رەخساندنی رەوشێكی لەبار و بەرابەر لە كاروباری تایبەت بە خێزان و هەڵوەشانەوەی، حكومەتەكان پێویستە هەنگاوی دروست و بەجێ بهاوێن.
بەپێی ئامارەكانی ئیدارەی تۆماری رژێم بێكاری و خوداربوون بە مەوادی هۆشبەر لە هۆ سەرەكیەكانی پەرەسەندنی تەڵاق لە شارە جیاجیاكانی ئێران و كوردستانە.
بۆیە بێكاری و هەژاری دەبنە هۆی هەڵوەشانەوەی خانەوادە و خێزان، چوونكە كێشەی ئابووری و نەبوونی پیشە بەتایبەت بۆ ژنان و وابەستەیی هەمەلایەنەی ژنان بە پیاوان لە هۆ بەرچاوەكانی بەرەوسەرچوونی رێژەی تەلاقە.
لە شارەكانی كوردستانی ئێران زۆرترین رێژەی تەڵاق لە نێو ژنانی ماڵدار 68 لەسەد و كەمترین رێژە لە ژنانی مامۆستا (موعەلیم) كە 4 لەسەدە.
بەندی 1117ی قانوونی مەدەنی رژێمی ئاخوندی سەبارەت بە كار و پیشە بۆ ژنان دەڵێ: پیاو دەتوانێ رێگە بە ژنەكەی نەدات كە پیشە و كارێك كە لە قازانجی خێزاندا نیە ئەنجام بدات. ئێستا لە كۆمەڵگەی ئێران دا قانوون ئەو ئەو مافە سەرەكیە بە پیاو داوە كە ئیزنی كاری ژن لە ئەستۆی ئەودا بێ، بۆیە بە دڵنیاییەوە ژن سەربەخۆیی ئابووری نابێ و وەك بەردەی پیاو بە حیساب دێ و هیچ سەربەخۆییەكی لە دیاری كردنی ژیاندا نیە و هەر كات پیاو بیهەوێ دەتوانێ ژنێكی دیكەی بەناوی جۆراوجۆردا هەبێ! پیاو بە پشتیوانی شەرع و قانوون دەتوانێ هەر چەندەی ژن بوێ بیخوازێ یان تەڵاقی بدات، بەبێ ئەوەی كە لە باری قانوونیەوە رێگریەكی لێ بكرێ.
بەپێی بەندی 11ی كنوانسیۆنی دیفاع لە مافی ژنانی رێكخراوی نەتەوەكان، مافی كار و پێشە وەك مافێكی سەرەتایی و مافی ئینسانی، مافی ژیانی بەرابەری ژن و پیاوە، بەتایبەت بەرێوەبردنی قانوونی وەك یەك سەبارەت بە هەڵبژاردنی پیشە و بەوونی ئاسایشی پیشەیی.
بۆ دەستەبەر بوونی كۆمەڵگەیەكی ئینسانی كە تیایدا ژنان و پیاوان مەیدانی هەڵبژاردنی ژیانی خۆیانیان بوێ، پێویست بە بوونی هوشیاری و ئاگایی مرۆڤەكانە لەسەر مافی تەواوی خۆیانە.